ئورشەلیم پۆست: نەتانیاهوو رەزامەندیی ترەمپی دەوێت بۆ هێرشکردنەسەر ئێران

فۆتۆی کۆبوونەوەیەکی  پێشتری نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهوو
فۆتۆی کۆبوونەوەیەکی پێشتری نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهوو

رۆژنامەی 'ئورشەلیم پۆست'ـی ئیسرائیلی رایگەیاند، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە سەردانەکەیدا بۆ کۆشکی سپی، دەیەوێت ترەمپ رازی بکات بۆ گرتنەبەری رێوشوێن دژبە هەوڵەکانی ئێران بۆ بنیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لەرێگەی هێرشکردنەسەر چالاکییە گوماناوییەکانی لە پێگە ئەتۆمییەکان، یان ئەو ناوچانەی گومان دەکرێت یۆرانیۆمی تێدا هەڵگیرابێت.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە رۆژنامەی 'ئورشەلیم پۆست'ـی راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە، نەتانیاهوو، دەیەوێت ترەمپ "گڵۆپی سەوز"ی بۆ هەڵبکات پێگە ئەتۆمییە گوماناوییەکانی ئێران بکاتەئامانج، بە میکانیزمێک، بە سەرکردایەتیی ئەمریکا.

ئەو بەرپرسە بە رۆژنامە ئیسرائیلییەکەی راگەیاندووە، بەهۆی راگرتنی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئیسرائیل دەیەوێت فشارەکان بۆسەر تاران زیاتر بکات، بۆ ئەمەش نەتانیاهوو داوا لە ترەمپ دەکات، رەزامەندیی پێشوەختەی ئەمریکای نەوێت بۆ لێدان لە ئێران.