پارتی دەم سەرەخۆشی لە کەسوکاری سەربازە کوژراوەکانی تورکیا دەکات

پارتی دەم دەڵێت، کۆمەڵگە باجی شەڕ و بێ چارەسەریی دەدات
پارتی دەم دەڵێت، کۆمەڵگە باجی شەڕ و بێ چارەسەریی دەدات

پارتی دەم سەرەخۆشی لە خێزانی سەربازە کوژراوەکانی تورکیا دەکات و داوا لە هەموو لایەک دەکات؛ بە ئاشتی و چارەسەر رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئازارەکان بگرن.

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "پارتی دەم" راگەیەندراوێکی لەبارەی کوژرانی پێنج سەربازی تورکیا و برینداربوونی 14 سەربازی دیکە لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا؛ سەرەخۆشی لە خێزان و کەسوکاری سەربازەکان کردووە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.

پارتی دەم لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "گیانلەدەستدانەکان هەموومان نیگەران دەکات و تەواوی کۆمەڵگە باجی ئەو دۆخی شەڕ و بێ چارەسەرییە دەدات، کە چەندین ساڵە درێژەی هەیە."

لە راگەیەندراوەکەی پارتی دەمدا جەخت لەوە کراوەتەوە، "ئەوەی بەرگری لە مافی ژیان دەکات، هاوبەشیکردنی ئازارەکانە، نەک رکابەریکردن لەسەر ئازارەکان. تەنیا ئیرادەی چارەسەر و ئاشتی کۆمەڵایەتیش دەتوانێت رێگربێت لە دووبارەبوونەوەی ئازارەکان."

پارتی دەم لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە ئاشتی و کۆمەڵایەتیی و چارەسەر بکرێتە بنەما و لەپێناو ئەوەی ژیانێکی زیاتر لەدەستنەدرێت و ئاگری مردن نەکەوێتە هیچ ماڵێک، هەمووان ناچارن داهاتووی هاوبەش لەسەر زەمینەی دادپەروەری و ئاشتیی دروستبکەن.

رۆژی یەکشەممە، شەشی تەمموزی 2025، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە ئەشکەوتێکی هەرێمی کوردستان، 19 سەربازیان بەر گازی میسان کەوتوون و بەهۆیەوە پێنج سەربازیان گیانیان لەدەستداوە و 14 سەربازی دیکەیان برینداربوون.