یەدیعوت ئەحرۆنۆت: حەماس داوای ئازادکردنی هەستیارترین و مەترسیدارترین زیندانییەکان دەکات

رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوەدەکات، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان کە ئێستا لە دانوستاندایە، حەماس بەنیازە داوای ئازادکردنی نزیکەی هەزار زیندانیی فەڵەستینی دەکات، کە لەنێویاندا 100 سەرکردە و زیندایی هەتاهەتایی هەن.
بەگوێرەی رۆژنامە ئیسرائیلییەکە، مەزەندە دەکرێت لە بەرامبەر ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندوو، تەرمی 18 بارمتەی ئیسرائیلیدا، حەماس داوای ئازادکردنی "هەستیارترین و مەترسیدارترین" زیندانییەکان بکات، کە بەشێکیان دەستیان هەبووە لە کوشتنی دەیان ئیسرائیلیدا.
لەنێو ئەو ناوانەدا کە لە رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەدا پێشنیاز دەکرێن، مەروان بەرغوسی، سەرکردە لە بزووتنەوەی فەتح، ئەحمەد سەعدات، ئەمینداری گشتیی بەرەی رزگاریی فەڵەستین و عەبدوڵا بەرغوسی، سەرکردەی دیاری حەماس هەن، ئەمە جگە لە چەندین سەرکردەی دیاری فەڵەستینی، کە بە سزای هەتا هەتایی زیندانیکراون.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، حەماس تەنیا هەوڵی ئازادکردنی زیندانییەکان نادات، بەڵکو لەرێگەی ئەم رێککەوتنەوە، هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەری سیاسیی فەڵەستین دەدات، بەتایبەتی لە کەناری رۆژئاوا، کە بەشێک لەو سەرکردانە خاوەن جەماوەرییەکی بەرفراوانن لەو ناوچانە.
07/07/2025