ویتکۆف: ترەمپ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقاڵب دەداتەوە و رێککەوتنی ئیبراهیمی فراوان دەکرێت

ستیف ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا رایگەیاند، گەشبینە بەرامبەر بە سەردانەکەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ واشنتن و هەوڵەکانی گەیشتن ئاگربەست و گۆڕانکارییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە فراوانکردنی رێککەوتنی ئیبراهیمی و دۆسییەی ئێران.
لە کۆبوونەوەی کۆمەڵگەی جووەکان لە هامپتۆن، ویتکۆف هیوایخواست بەمزووانە رێککەوتنێک لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس ئەنجام بدرێت، ئاماژەی بەوەشکرد فشارێکی زۆر هەیە بۆ رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و بەڵێنیدا، کە سەرۆکی ئەمریکا "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قاڵب دەداتەوە" و پشتگیریی تەواوی لە ئیسرائیل دووپاتدەکاتەوە.
هاوکات ستایشی رۆڵی نێوەندگیریی قەتەڕی کرد و ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سووریا و لوبنان و سعودیە کرد.
سەبارەت بە سعودیە، ویتکۆف گوتی، رەنگە رێککەوتن لەگەڵ ریاز کاتێکی زیاتر بخایەنێت و پێدەچێت بەشێک نەبێت لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی، بەڵام دەکرێت وەک رێککەوتنێکی جیاواز و بەرچاو دەربکەوێت.
لەبارەى ئێران، ویتکۆف کە پێشتر سەرکردایەتیی دانوستانەکانی لەگەڵ تاران دەکرد رایگەیاند، رێککەوتنێک بەدیدێت، کە رێگری لە ئێران دەکات یۆرانیۆم بپیتێنێت.
07/07/2025