پەیامنێرى کەناڵ8: خۆپیشاندانەکەی وەرتێ گرژیی تێکەوت و هاونیشتمانییەک کوژرا
وەک ناڕەزایی دەربڕین لە دژى نەبوونى کارەبا، هاونیشتمانییانى سنوورى شارەدێى وەرتێ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ناڕەزایەتییەکان گرژىیان تێکەوت و هاونیشتمانییەک کوژرا.
بە گوێرەى زانیارییەکانى پەیامنێرى کەناڵ8، خۆپیشاندانەکە، کاتژمێر 10ـى شەوى رابردوو سەریهەڵداوە، هاونیشتمانییانى شارەدێی وەرتێ و گوندەکانى رەژووکەریان و سەرنەوس، لەسەر پردى حافز لە نزیک رێگاى هامڵتۆن، خۆپیشاندانیان لە دژى نەبوونى کارەباى نیشتمانى ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆى دروستبوونى گرژى لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، تەقە کراوە و بەهۆیەوە هاونیشتمانییەک بە ناوى حەسەن رەحمان، تەمەن 45 ساڵ کوژراوە و پێنج هاونیشتمانیی دیکەش برینداربوون.
هەر بەگوێرەى زانیارییەکانى پەیامنێرى کەناڵ8، ئەو گوندانە بەهۆى ئەوەى مۆلیدەیان نییە، تەنیا پشت بە کارەباى نیشتمانى دەبەستن، لە چەند رۆژى رابردوودا بەڵێنیان پێدرابوو، کە کاتژمێرەکانى کارەبایان بۆ زیادبکرێت، بەڵام بەڵێنەکان جێبەجێنەکراون و ئەوانیش هاتوون خۆپیشاندانیان کردووە.
14/07/2025