مەرجی پارتی بۆ بنەماڵەی حەسەن سەربەرز لە وەرتێ: لە بکوژەکە خۆش ببن تا مووچەکەتان بۆ بگەڕێتەوە

کەناڵ8 5 کاتژمێر پێش ئێستا

حەسەن سەربەرز لەپێناو ڕووناکی و کارەبا بۆ سنووری وەرتێ گیانی سپارد، بەڵام دوای 11 مانگ هێشتا خێزانەکەی لە تاریکیی هەژاریدا دەژین و مەرجی لێخۆشبوون لە بکوژەکە کراوەتە پێشمەرجی گەڕانەوەی مووچەی خانەنشینییەکەی.

بارگرانیی ژیان و پچڕانی سەرچاوەی بژێوی

فەهیمە حەسەن، هاوژینی حەسەن سەربەرز، ئێستا ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتییەکی قورس بووەتەوە بۆ دابینکردنی بژێوی 5 منداڵەکەی. دوای کوژرانی هاوژینەکەی، تاکە سەرچاوەی بژێویی ئەم خێزانە کە مووچەی خانەنشینیی حەسەن بووە، بە یەکجاری بڕدراوە و ئەمەش خێزانەکەی خستووەتە دۆخێکی دارایی زۆر سەختەوە.

مووچەی خانەنشینی وەک کارتی فشار بۆ لێخۆشبوون

کەسوکاری حەسەن سەربەرز، کە بە "شەهیدی ڕووناک" ناوی دەبەن، ئاشکرای دەکەن کە بڕینی مووچەکەی پەیوەندی بە فشارە سیاسییەکانەوە هەیە. بەگوتەی بنەماڵەکەی، داوایان لێکراوە لە بەرامبەر گەڕانەوەی مووچەی خانەنشینییەکەی، دەبێت لە بکوژی حەسەن خۆشببن کە بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵام ئەوان تاوەکو ئێستا ئەو مەرجەیان ڕەتکردووەتەوە.

فیشەکێک لەبەرامبەر داواکردنی کارەبا

حەسەن سەربەرز لە گەرمای هاویندا و بۆ داواکردنی سەرەتاییترین مافی خۆی کە پێدانی کارەبا بوو، ڕووی لە شەقام کرد. لە کاتی خۆپیشاندانەکەی دانیشتووانی وەرتێدا، حەسەن بە بەرچاوی خەڵک و کەسوکارییەوە بە فیشەک پێکرا و گیانی لەدەستدا. سیما حەسەنی کچی و شەماڵ ڕەحمانی برای جەخت دەکەنەوە کە حەسەن تەنیا دەیویست تاریکیی ماڵەکانیان بڕەوێنێتەوە، بەڵام فیشەکێک وایکرد تاریکییەکی هەمیشەیی باڵ بەسەر ماڵەکەی خۆیدا بکێشێت.

وەرتێ هێشتا لە تاریکیدایە

دوای تێپەڕبوونی 11 مانگ بەسەر کوژرانی حەسەن، هێشتا ئەو پڕۆژە و بەڵێنانەی بۆ ڕووناککردنەوەی وەرتێ درابوون، جێبەجێ نەکراون. گرفتی پچڕانی کارەبا لە ناوچەکە وەک خۆی ماوەتەوە و تەنانەت ئەو گڵۆپەی وەک هێما لەسەر گۆڕی حەسەن دانراوە، بەهۆی نەبوونی کارەباوە ڕووناکی نابەخشێت، ئەمەش نیشانەی بەدینەهاتنی ئەو خەونەیە کە حەسەن لەپێناویدا گیانی بەختکرد.

کەناڵ8

5 کاتژمێر پێش ئێستا