نەوزاد شێخ کامیل: سەردانی شاندی ئابووریی هەرێم بۆ بەغداد بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا

ئارا ئیبراهیم 4 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان

سەردانی شاندی ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا، ئەمەش بە مەبەستی وەرگرتنی ڕاسپاردەی کۆتایی لە ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر سیستمە گومرگییەکان و چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ.

هۆکارى دواکەوتنى سەردانى شاندەکە بۆ بەغداد

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى ڕایگەیاند کە سەردانى شاندى ئابوورى هەرێم بۆ بەغداد کەوتووەتە هەفتەى داهاتوو. هۆکارى ئەم دواکەوتنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتى هەرێم دەیەوێت کۆمەڵێک ڕاسپاردەى تایبەت لە بارەی سیستمى ئەسیکۆدا بداتە شاندەکە، تاوەکو لەسەر ئەو بنەمایانە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بکەن و مافە یاسایی و داراییەکانى هەرێمى کوردستان پارێزراو بن.

کۆبوونەوەى چوارشەممە و یەکلاییکردنەوەى خاڵە ناکۆکەکان

بڕیارە ڕۆژى چوارشەممە 10-06-2026، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە دەکرێت کە وەک خاڵى ناکۆک لەگەڵ بەغداد ماونەتەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە بەرچاوڕوونیى تەواو بگاتە لیژنە باڵاکەى ئابووریى هەرێم، تاوەکو لە هەفتەى داهاتوو لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق دۆسیەکان یەکلایی بکەنەوە.

چوار خاڵە سەرەکییەکەى نێوان هەولێر و بەغداد

بەپێی زانیارییەکان، چوار خاڵى سەرەکى وەک گرێکوێرەى نێوان هەردوو حکومەت ماونەتەوە. یەکەمیان پرسی وەرگرتنى باجى گومرگییە لە دەروازەکان و گەڕانەوەى 50%ى داهاتى نانەوتیی بۆ بەغداد. خاڵەکانى دیکە بریتین لە پرسی هێماى بازرگانى، دابینکردنى دۆلار بە نرخى فەرمى بۆ بازرگانان، هەروەها دۆسیەى لێخۆشبوونى گومرگى و چۆنێتیى پاڵپشتیکردنى بەرهەمى خۆماڵى.

پێکهاتەى شاندى هەرێمى کوردستان

بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندى هەرێمى کوردستان بە نوێنەرایەتیى وەزارەتەکانى دارایی، بازرگانى و کشتوکاڵ، لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتیى گومرگ و چاودێریى بازرگانى بچنە بەغداد. شاندەکە بەشدارى لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق دەکەن کە لەلایەن وەزیرى دارایی عێراقەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، بۆ ئەوەى بڕیارى کۆتایی لەسەر یەکخستنى سیستمە دارایی و بازرگانییەکان بدەن.

ئارا ئیبراهیم

4 کاتژمێر پێش ئێستا