ئۆیارزابال: ئیسپانیا ڕکابەری لەسەر بەدەستهێنانی مۆندیال دەکات
مایکڵ ئۆیارزابال، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ پێگەی فەرمی فیفا باس لە ئامادەکارییەکانی خۆی و هەڵبژاردەکەی بۆ مۆندیالی 2026 کرد و لەبارەی دۆخی جەستەیی و دەروونی خۆیەوە گوتی: "بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە مۆندیالی ڕابردووم لەدەستدا، بۆیە بەشداریکردن لەم پاڵەوانێتییە بۆ من مانایەکی زۆری هەیە"، جەختیشی لەوە کردەوە بەشداریکردنی بەردەوام لە یارییەکاندا متمانەی زیاتری پێ دەبەخشێت و وای لێ دەکات زیاتر لەگەڵ هاوڕێکانی لە یاریگادا بگونجێت.
سەبارەت بە ستراتیجی هەڵبژاردەکە بۆ قۆناغی کۆمەڵەکان، هێرشبەرەکەی "لا ڕۆخا" گوتی: "دەبێت بەڕاستی مامەڵە بکەین و تەنها بیر لە یاری بە یاری بکەینەوە، چونکە هەر هەڵەیەکی بچووک دەکرێت تووشی کێشەمان بکات"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکگرتوویی نێوان یاریزانە سەرەکییەکان و یەدەگەکان ئەو هۆکارە سەرەکییە بووە کە بووەتە هۆی بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆی 2024.
ئۆیارزابال لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، کە سەرەڕای ئەوەی بەشداریکردن لە مۆندیال بۆ هەر یاریزانێک دەستکەوتێکی گەورەیە، بەڵام بەلای ئەوەوە سەرکەوتنی بەکۆمەڵ و نازناوەکان لە پێش هەر دەستکەوتێکی تاکەکەسیدان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا