هێمن جەلال: پڕۆژەى شەقامى 100 مەتری و یەکتربڕی شەوکەتی حاجی مشیر تاوەکو کۆتایی ساڵ تەواو دەبن

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پڕۆژە ستراتیژییەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانی لە قۆناغى جێبەجێکردندان و بەرپرسى ستراکچەرى پڕۆژەکانیش وادەى تەواوبوونى پڕۆژەى شەقامى 100 مەتری و یەکتربڕى شەوکەتى حاجى مشیر ڕادەگەیەنێت.

قۆناغە کۆتاییەکانى شەقامى 100 مەتریى سلێمانی

هێمن جەلال، بەرپرسی ستراکچەری شەقامی 100 مەتری سلێمانی ڕایگەیاند، تیمەکانى شارەوانى لە کۆتایی کارەکانیانن لە پڕۆژەى شەقامى 100 مەتری و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەکە بە تەواوەتى تەواو ببێت. ناوبراو ئاماژەى بەوەش کرد کە ئەم شەقامە ستراتیژییە 9 یەکتربڕ و 5 ئەندەرپاس لەخۆ دەگرێت.

تەواوبوونى پردەکان و پردى ژمارە 11

بە گوتەى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە، زۆربەى کارەکان و پردەکانى ناو شەقامى 100 مەتری تەواو بوون. لە ئێستادا تەنیا کارکردن لە پردى ژمارە 11 ماوە کە دەكەوێتە سەر ڕێگاى سلێمانی - تاسلوجە، ئەویش گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایی و لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت کە یەکێکە لە پارچە گرنگەکانى پڕۆژەکە.

وادەى تەواوبوونى یەکتربڕی شەوکەتی حاجی مشیر

لەبارەی پڕۆژەی یەکتربڕی شەوکەتی حاجی مشیر، هێمن جەلال ئاشکرای کرد کە کارەکانى دەستیپێکردووە و تیمەکان بەردەوامن لە جێبەجێکردنى. پێشبینى دەکرێت ئەم یەکتربڕەش هاوشێوەى پڕۆژەکانى دیکەى شارەکە لە ماوەى یەک ساڵدا تەواو ببێت و تاوەکو کۆتایی ساڵ بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان و کەمکردنەوەى جەنجاڵى هاتوچۆ.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا