زانیارییەکانی کەناڵ8؛ هەولێر و بەغداد "دەستەی باڵای وزاریی هەماهەنگیی هەمیشەیی" پێکدەهێنن

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەرەو قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان هەنگاو دەنێن و بڕیارە دەستەیەکی باڵای هەمیشەیی بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان پێکبهێنن.

پێکهێنانی دەستەی باڵای وزاری هەماهەنگی هەمیشەیی

هەولێر و بەغداد لەسەر دروستکردنی دەستەیەکی باڵا ڕێککەوتوون کە ئەرکەکەی هەماهەنگیی هەمیشەیی دەبێت لە نێوان هەردوو حکومەتدا. ئەم دەستەیە کە ناوی (دەستەی باڵای وزاری هەماهەنگی هەمیشەیی) دەبێت، بەرپرس دەبێت لە بەدواداچوونی ورد بۆ هەموو ئەو کێشە و دۆسیانەی کە ساڵانێکە لە نێوان ناوەند و هەرێمدا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و ڕێگریکردن لە دروستبوونی گرژیی نوێ لە پەیوەندییەکاندا.

ئەرکەکانی لیژنە هاوبەشەکە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک لە وەزیر و بەرپرسە باڵاکان پێکبهێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی عێراق وەک دەستەیەکی یەکگرتوو بۆ دانوستان و گفتوگۆ کار بکەن. ئەرکی سەرەکیی ئەم دەستەیە بەدواداچوون دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان، ڕێکارەکان و بڕیارە هاوبەشەکان لەسەر دۆسیە جیاوازەکان. وا چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی سبەی چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، گفتوگۆی چڕ لەسەر دیاریکردنی ئەندامانی ئەم لیژنەیە و میکانیزمی کارکردنیان بکرێت.

ئاسۆی چارەسەری کێشەکان لە سایەی حکومەتە نوێیەکەدا

دوای دەستبەکاربوونی کابینە نوێیەکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، ئومێدێکی زۆر دروستبووە کە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد بەرەو ئارامی و چارەسەری ڕیشەیی بڕوات. چاودێران پێیان وایە ئەگەر هەردوو حکومەت پابەندی بنەماکانی ڕێککەوتن بن، ئەم دەستە نوێیە دەبێتە کلیلی چارەسەری کێشە دارایی و نەوتییەکان. هاوکات نوێنەرانی کورد لە بەغداد جەخت دەکەنەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێم پابەندییەکان جێبەجێ بکات تاوەکو لە بەغداد بتوانرێت گەرەنتی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران بکرێت.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا