نزیکەى مانگێکە دەزگائەمنییەکانى پارتى 2 هاونیشتمانیى سنوورى گەرمیانیان ڕفاندووە

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
مەریوان عومەر و نەریمان ڕەشید نزیکەی مانگێکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی پارتییەوە ڕفێندراون
مەریوان عومەر و نەریمان ڕەشید نزیکەی مانگێکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی پارتییەوە ڕفێندراون

نزیکەى مانگێکە دەزگا ئەمنییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان دوو هاونیشتمانى سنوورى ئیدارەى گەرمیانیان لە چەمچەماڵ ڕفاندووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە، کەسوکارەکەشیان دەڵێن: ئەو دوو کەسە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کەس نەبووە و دواى سۆراغیشیان بۆیان دەرکەوتووە لە هەولێر زیندانى کراون.

لە سنووری چەمچەماڵ نەگەڕاونەتەوە

نەهرۆ بورهان، برازاى یەکێک لە ڕفێندراوەکان بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، لە 13 و 14ى مانگى ڕابردووەوە مەریوان عومەرى مامى و نەریمان ڕەشید کە پورزاى یەکترن بەمەبەستى کڕینى تەل و سیاجى زەوى چوونەتە سنوورى قەزاى چەمچەماڵ و نەگەڕاونەتەوە.

"لە هەولێر زیندانیکراوم و بۆم مەگەڕێن"

نەهرۆ بورهان گوتیشى، دواى دوو بۆ سێ ڕۆژ لە دیار نەمانیان مەریوان عومەر تەلەفۆنى بۆ هاوژینەکەى کردووە و بە چەند وشەیەک گوتویەتى لە "هەولێر زیندانى کراوم بۆم مەگەڕێن"، دواتر تەلەفۆنەکەى داخستووەتەوە.

پیشەی شوانکارە بووە

ئەو برازایەى یەکێک لە ڕفێندراوەکان بۆ کەناڵ8 گوتى، مامم پیشەى شوانکارى بووە و هیچ کێشەیەکى لەگەڵ کەسدا نەبووە و ئەو ڕۆژەى چووە بۆ چەمچەماڵ کوڕەکەى بەلاى ڕانەکەوە داناوە، هەروەها پورزاکەشى کاسبە و ماوەیەکیش شۆفێرى ئۆتۆمبێلى بارهەڵگربووە.

سکاڵا تۆمار کراوە و هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە

کەناڵ8 بەدواداچوونى لەسەر ڕووداوەکە کردووە و دەرکەوتووە، دواى ڕووداوەکە لە بنکەى پۆلیسى کفرى و ئاسایشى سنوورەکە کەسوکارى ئەو دوو هاونیشتمانیە کە ناوەکانیان مەریوان عومەرى مامى و نەریمان ڕەشید ـە سکاڵایان تۆمارکردووە و تاوەکو ئێستاش هیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە و نازانن بۆچى دەستگیرکراون.

لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی پارتییەوە ڕاگیراون

نەهرۆ بورهان،  ڕاشیگەیاند، کەسێکیان بۆ زانینى سۆراغى ئەو دوو کەسە سەردانى لایەنە پەیوەندیدارەکانى لەشارى هەولێر کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى پارتییەوە لە شارى هەولێر ڕاگیراون بەبێ ئەوەى هیچ زانیارییەک لەسەر دەستگیرکردنەکەیان بدەن بە لایەنى بەرامبەر کە کەسوکاریانە.

ناسنامەی کەسە دەستگیرکراوەکان

یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ناوى مەریوان عومەرە و خێزاندارە چوارمنداڵى هەیە و لەدایکبووى ساڵى 1975 و دانیشتوی گوندی ئۆمربلە، ئەوى دیکەشیان ناوى نەریمان ڕەشید، خێزاندارە و پێنج منداڵى هەیە و لەدایکبووى ساڵى 1982 و دانیشتوی گوندی میل قاسمە.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا