لە وەزارەتی کشتوکاڵ ژوورێکی عەمەلیات بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون پێکهێنرا

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ژوورێکی عەمەلیاتی بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون پێکهێناوە
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ژوورێکی عەمەلیاتی بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون پێکهێناوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پێکهێنانی ژوورێکی عەمەلیاتی بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون ڕاگەیاند.

ژووری عەمەلیاتی بەدواداچوون

میساق عەبدولحسێن خەفاجی، ڕاوێژکاری هونەریی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاندووە، ژوورێکی عەمەلیاتیان بۆ بەدواداچوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون پێکهێناوە.

ڕێکار و ڕاسپاردەکان

لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی نەخۆشییەکە و بەدواداچوونی حاڵەتەکانی تووشبوون بەو نەخۆشییە، هەروەها سەردانە مەیدانییەکانی تایبەت بە تای خوێنبەربوون خرایەڕوو و هەروەها ژمارەیەک ڕاسپاردە و ڕێکار دووپاتکراوەتەوە بۆ خۆپارێزی لەو نەخۆشییە و پلانە دانراوەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی.

گرنگیی هەوڵە مەیدانییەکان

وەزارەتی کشتوکاڵ جەخت لە گرنگی هەوڵە مەیدانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و تۆمارکردنی حاڵەتەکان دەکاتەوە، ئەوەش بەگوتەی خۆیان بۆ پارێزگاریکردن لە سامانی ئاژەڵ و تەندروستی گشتییە.

لە یەک هەفتەدا 40 تووشبوون

کۆبوونەوەی ژووی عەمەلیاتی تای خوێنبەربوون لە کاتێکدایە، ڕۆژی ڕابردوو، وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، تەنیا لە یەک هەفتەدا 40 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون و حاڵەتێکی گیان لەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکەوە تۆمارکراوە.

ئەمساڵ 145 تووشبوون بە تای خوێنبەربوون هەبووە

سەیف یوسف، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 145 حاڵەتی تووشبوون و نۆ حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە، بەردەوامیشن لە گرتنەبەری ڕێکاری خۆپاریزی و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی تووشبووان.

ڕیزبەندیی پارێزگاکان بۆ تووشبوون بە تای خوێنبەربوون

بەگوێرەى ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لەو حاڵەتانەی تۆمارکراوە 21 حاڵەتیان لە پارێزگای زیقار، پارێزگاى موسەننا شەش حاڵەت، بەسڕە سێ توشبوون و حاڵەتێکی گیان لەدەستدان، پارێزگاکانی میسان، واست و سەڵاحەدین هەریەکەیان دوو حاڵەت، پارێزگاکانى نەینەوا، بەغداد، دیالە و بابلیش هەریەکەیان یەک حاڵەتی توشبوون تۆمارکراون.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا