نەوزاد شێخ کامیل: زیادکردنى ناوى منداڵ لە هەولێر و سۆران کارا کرا
بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى ڕایگەیاند، "لە ئەمڕۆ سێشەممە 9ـى حوزەیرانەوە، زیادکردنی منداڵانی خوار 12 ساڵ بۆسەر فۆڕمی خۆراک، لە پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سۆران کارا کراوە و تێچووی تۆمارکردنی هەر منداڵێکیش دیاریکراوە.
تێچووی تۆمارکردنی هەر منداڵێک 6 هەزار دینارە
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، تێچووى تۆمارکردنى هەر منداڵێک لە فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە، شەش هەزار دینارە و پێویستە لەڕێگەى کارتى بانکییەوە بدرێت.
داوا دەکرێت هاونیشتمانیان ناوی منداڵان بە فۆرمی خۆراک زیاد بکەن
داواشی لە هاونیشتمانییان کرد، هەر خێزانە و لە ڕێگەى ئەپلیکەیشنى فۆڕمی ئەلیکترۆنى خۆراکەوە ناوى منداڵەکانیان زیاد بکەن، تاوەکو سوودمەند بن لە بەشەخۆراکى مانگانە، کە لەلایەن بریکارەکانەوە دابەش دەکرێت.
بەڵگەی نامەی پێویست بۆ تۆمارکردن
سەبارەت بە بەڵگەنامە پێویستەکانیش، ئاماژەی بەوەکرد، کارتی نیشتمانی و ئامادەبوونى منداڵەکە بۆ وێنەگرتن و تەواوکردنی پرۆسەی تۆمارکردنەکە پێویستن.
پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین
ڕۆژى 13ـى ئایارى 2026ـەوە ناو تۆمارکردنى منداڵان بۆ فۆڕمى خۆراک لە پارێزگاى سلێمانى و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و ڕاپەڕین و سەرجەم شارۆچکە و شارەدێییەکان دەستیپێکردووە.
یەکەم ناوچەکانی کاراکردنی خزمەتگوزارییەکە
وەزارەتى بازرگانیى عێراق، لە ناوەڕاستى مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵ یەکەمجار کاراکردنی ئەم خزمەتگوزارییەی لە پارێزگاکانی هەڵەبجە، دهۆک و واست ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت، بۆ ماوەیەکی درێژ پڕۆسەی زیادکردنی ناوی نوێ لە پسوڵەی خۆراکدا ڕاگیرابوو.
3 کاتژمێر پێش ئێستا