هەرکەسێک گەندەڵی ئاشکرا بکات دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان پاداشتی دەکات
دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان وەک هەنگاوێک بۆ بەرەنگاربوونەوە و ئاشکراکردنی گەندەڵی، بڕیاریدا خەڵاتی دارایی ببەخشێتە هەر هاونیشتمانی یان فەرمانبەرێک کە بە بەڵگە و زانیاریی دروست، پەردە لەسەر گەندەڵی لە دامەزراوەکاندا لابدات و ڕێگری لە بەهەدەردانی داهاتی گشتی بکات.
هەنگاوێک بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی
وەک هەنگاوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئاشکراکردنی، دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان خەڵاتی دارایی دەدات بە هەر کەسێک، بە بەڵگە و زانیاری، گەندەڵی لە دامەزراوەکاندا ئاشکرا بکات.
کاراکردنەوەی بڕگەیەکی یاسایی
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە کاراکردنەوەی بڕگەی یاسایەکی دەستەکەیانە و هەر هاونیشتمانی یان فەرمانبەرێک زانیاریی دروستی لەسەر بوونی گەندەڵی لە دامەزراوەکاندا هەبێت، پاداشتی دارایی دەکەن.
شێوازی دیاریکردنی بڕی پاداشتەکە
دەشڵێت، بڕی پاداشتەکە پەیوەست دەبێت بە بڕی گەندەڵییەکە و ئەو داهاتەی دەیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
مەرجەکانی پێدانی زانیاری
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک مەرج هەیە بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی یاخود پێدانی زانیاری لەسەری، ئەویش بە بوونی بەڵگە، هەم داهات بگەڕێنێتەوە هەمیش ڕێگری لە بەهەدەردانی داهاتی گشتی بکات.
بانگەوازێک بۆ هاونیشتمانیان
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، هەر زانیارییەکیان لەسەر گەندەڵی هەبێت، ئەوا دەستەکەیان ئاگاداربکاتەوە و ئەوان بەدواداچوونی بۆ دەکەن بۆ ڕێگرییکردن لە گەندەڵی کە بە گوتەی خۆیان هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر وڵات و دامەزراوەکان.
2 کاتژمێر پێش ئێستا