پيتەر گاڵبرێس: ترەمپ 3 جار خيانەتی لە کورد کردووە و پێویستیشە کۆمەڵەیەکی دەستووری لە سووریا هەڵبژێردرێت

رۆزا حیسام 3 کاتژمێر پێش ئێستا
پیتەر گاڵبرێس، جێگری پێشووی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان
پیتەر گاڵبرێس، جێگری پێشووی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان

پیتەر گالبرێس، یاریدەدەری پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت، نابێت ڕێگە بدرێت ئەحمەد شەرع دەستووری داهاتووی سووریا بنووسێتەوە، بەڵکو دەبێت لەلایەن کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراوەوە بێت؛ هاوکات هۆشداری دەداتە کورد کە لە سەردەمی ترەمپدا پشت بە ئەمریکا نەبەستن، چونکە ئەو سێ جار خیانەتی لێکردوون.

دەبێت کورد بەشداربێت لە نووسینەوەی دەستووری سووریادا

پیتەر گالبرێس، یاریدەدەری پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیمانەیەکیاندا لە کۆڕبەندی دێڵفی لە شاری سلێمانی لەبارەی چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا، بە کەناڵ8ی ڕاگریاگەیاند، پێویستە کۆمەڵەیەکی دەستووری لە سووریا هەڵبژێردرێت، کە کورد بەشداربێت لە نووسینەوەی دەستووردا، نابێت کوردەکان ڕێگە بدەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر دەستوور بنووسێتەوە.

سێ چەمکە سەرەکییەکەی کوردی سووریا

پیتەر گالبرێس، یاریدەدەری پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە گوتی، "سێ چەمکی سەرەکی هەن کە پێویستە کوردی سووریا ئێستا گفتوگۆیان لەسەر بکەن؛ یەکەمیان، پێکهێنانی کۆمەڵەی دەستووریی هەڵبژێردراو، دەستووری سووریا دەبێت لەلایەن سوورییەکان خۆیانەوە و لە ڕێگەی کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراوەوە بنووسرێتەوە، نەک لەلایەن ئەحمەد شەرع و ئەو کەسانەی ئەو دایاندەمەزرێنێت".

ڕەنگدانەوە هاوسەنگیی دیموگرافی و ڕێگری لە توندڕەوی

گالبرێس باسی ئەوەشیکرد، "ئەگەر کارەکە لە ڕێگەی کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراوەوە بکرێت، چی ڕوودەدات؟ هاوسەنگییە دیموگرافییەکەی سووریا ڕەنگدەداتەوە، نزیکەی 35% بۆ 45%ـی دانیشتووانی سووریا لە کەمینەکان پێکدێن (عەلەوی، درووز، کریستیان، کورد، شیعە و ئێزدی)، 65%ـی دیکەش عەرەبی سووریان کە زۆربەیان عەلمانیین. بۆیە، ئەگەر کۆمەڵەیەکی دەستووریی هەڵبژێردراویان هەبێت، گرەنتی ئەوە دەکەن کە دەوڵەتێکی ئیسلامی توندڕەو دروست نابێت".

کورد و دروز و عەلەوی خۆبەڕێوەبەرییان دەوێت

گالبرێس لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، "خاڵیی دووەم، کە ڕوودەدات، سازش و دانوستاندنی نوێیە، کاتێک کاتی دانوستاندن دێت کورد، درووز و عەلەوییەکان هەموویان دەیانەوێت جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەرییان هەبێت، بەمەش سووریا دەبێتە دەوڵەتێکی فیدراڵی، ئەمەش مافی هەمووان دەپارێزێت. کەواتە، دروشمی ئێستای کوردی سووریا دەبێت داواکردنی کۆمەڵەی دەستووریی هەڵبژێردراو بێت، ئەمە ڕێگا دیموکراتییەکەیە، نابێت ڕێگە بدەن ئەحمەد شەرع دەستوورەکە بنووسێتەوە، چونکە ئەگەر ناچار بن تەنیا لەگەڵ ئەو دانوستاندن بکەن، لە کۆتاییدا دەستکەوتێکی زۆر کەم نسیبیان دەبێت".

ترەمپ 3 جار خیانەتی لە کورد کرد

گالبرێس هەر لە کۆڕبەندی دێڵفی لە شاری سلێمانی سەبارەت بە ناردنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ کوردەکان لەکاتی خۆپێشاندانەکانی سەرەتای ئەمساڵدا لە ئێران، بە کەناڵ8ی گوت، ترەمپ سێ جار خیانەتی لە کورد کردووە و نابێت کورد پشت بە ئەمریکا ببەستێت لە سەردەمی ترەمپدا و نابێت گوێ لە ئەمریکا بگرن، دەبێت پشت بە خۆیان ببەستن.

ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە داراییەکانی ترەمپ

پیتەر گالبرێس، یاریدەدەری پێشووی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی ئەوەشیکرد، "لەڕاستیدا گوێ لە دۆناڵد ترەمپ بگریت باس لەوە بکات لایەنێکی دیکە چەک دەدزێت، لەکاتێکدا خۆی دزی لە خەڵکی ئەمریکا دەکات، دەیەوێت بودجەیەک بە بڕی 1 ملیار دۆلاری ئەمریکی دانێت و کۆنگرێس ڕەتی کردەوە، ئەمە بۆ من سەیرە".

مێژووی خیانەتەکانی ترەمپ لە کورد

گالبرێس باسی ئەوەشیکرد، "دۆناڵد ترەمپ سێ جار خیانەتی لە خەڵکی کورد کردووە، لە 2017، کە ڕێگەیدا قاسم سولەیمانی تانکی ئەمریکی بەکاربهێنێت و کۆنترۆڵی کەرکووک بکات، لە 2019 کە خیانەتی لە کوردەکانی سووریا کرد ڕێک دوای ئەوەی شکستیان بە ڕێکخراوی داعش هێنا، دوایش لە 2026 ئەمساڵدا، کوردستان دەبێت لەوە تێبگات کە ناتوانێت پشت بە ئەمریکا ببەستێت لەگەڵ ترەمپدا، هەروەها دەبێت بەدوای بەرژەوەندیی خۆیدا بڕوات، ڕێنمایی منیش بۆ کوردەکانی سووریا و عێراق ئەوەیە گوێ لە ئەمریکا مەگرن".

رۆزا حیسام

3 کاتژمێر پێش ئێستا