پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق ناچار دەکرێت 4.5 ملیۆن دۆلار بگەڕێنێتەوە
بە بڕیاری دادگا جەمال کەربولی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ناچار دەکرێت 4.5 ملیۆن دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ مانگی سووری عێراق، لەبەر ئەوەی لە ماوەی کارکردنیدا دەستی بەسەر ئەو پارەیەدا گرتووە.
بڕیاری دادگای کەرخ دژی کەربولی
دادگای بەرایی کەرخ لە بەغدادی پایتەخت بڕیاریدا بە پابەندکردنی جەمال کەربولی، پەرلەمانتاری پێشوو و جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراق، بە گەڕاندنەوەی بڕی 4.5 ملیۆن دۆلار بۆ کۆمەڵەی مانگی سووری عێراق.
ڕوونکردنەوەی مانگی سووری عێراقی
مانگی سووری عێراقی بڕیاری دادگاکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەم بڕیارە لەپاش بوونی سکاڵای یاسایی و بەدواداچوونی لایەنی چاودێری و دەستپاکی بۆ گەڕاندنەوەی داهاتی گشتی و پەیوەست بە ماوەی ئەرکداربوونی کەربولی بووە.
چۆنیەتیی دەستبەسەرداگرتنی پارەکە
ئاماژە بەوەشکراوە، لەماوەی کارکردنیدا لە کۆمەڵەکە، کەربولی دەستیگرتووە بەسەر بڕە پارەیەکدا کە ژمارەیەک کەسایەتی سعوودی پێشکەشیان کردووە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی سعوودی لە بەغداد، بەڵام ئەو پارەکەی بۆخۆی هەڵگرتووە.
ماددەی یاسایی سزادانەکە
بەگوێرەی بڕیاری دادگا، کەربولی بەگوێرەی حوکمەکانی ماددەی 453ـی یاسای سزای عێراقی کە بریتییە لە، زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک و پێدانی ماف بە ڕێکخراوی مانگی سووری عێراقی بۆ داواکاریی بە وەرگرتنەوەی قەرەبوو لە دادگا مەدەنییەکان.
هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
لە ڕاگەیێنراوەکەی مانگی سووردا هاتووە، ئەم بڕیارانە دەکەونە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت و دادی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەو پارانەی کە بە قاچاخ یان بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی دەوڵەت و دامەزراوە مرۆییە پێوەندیدارەکان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا