هێرشێکی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان 8 کوژراو و 32 برینداری لێکەوتەوە

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنی یەکێک لە هێرشەکانی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باڵەخانەیەک لە لوبنان. فۆتۆ: AFP
دیمەنی یەکێک لە هێرشەکانی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل بۆسەر باڵەخانەیەک لە لوبنان. فۆتۆ: AFP

لە نێوەندی پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیل و حیزبوڵاوە، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە باشووری لوبنان فراوانتر کرد و چەندین ناوچەی کردە ئامانج کە کوژرا و برینداری لێکەوتەوە.

فەرمانی چۆڵکردنی شارێک

وەکو ئامادەکارییەک بۆ هێرشی نوێ، بەیانی ڕۆژی سێشەممە، ئیسرائیل فەرمانی بەپەلەی چۆڵکردنی بۆ شاری صور لە لوبنان و دەوروبەری دەرکرد.

هێرشەکە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

بە ماوەیەکی کەم پاش ئاگادارکردنەوەکە، ئیسرائیل هێرشەکانی ئەنجامدا کە بەگوتەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، بەلایەنی کەمەوە هەشت کوژراو و 32 برینداری لێکەوتووەتەوە.

حیزبوڵای لوبنان داوایەک لە دەسەڵاتداران دەکات

ئەم پەرەسەندنە نوێیە لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ، حیزبوڵا داوای لە دەسەڵاتدارانی لوبنان کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، چاک بکەنەوە و سوود لە پشتیوانیی تاران وەربگرن، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ئێران وەکو وەڵامێک بۆ بۆردومانکردنی باشووری بەیروت، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.

هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە ڕۆژی ڕابردوو، حیزبوڵا ڕایگەیاند، 16 هێرشی کردووەتە سەر ئەو هیزە ئیسرائیلیانەی دەیانەوێت بچنە ناو باشووری لوبنان.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا