پارتی دەم: مشتومڕی پەیوەست بە جەهەپە قەیرانی ناوخۆیی نییە

محەمەد عەلی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان - پارتی دەم ڕایگەیاند، ئەو مشتومڕەی لە جەهەپەدا لەدوای بڕیاری دادگا هاتووەتە ئاراوە، قەیرانی ناوخۆیی نییە.

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە میانى وتارێکدا لە پەرلەمانى تورکیا ڕایگەیاند، ناکرێت دادگاکان لەبرى ئەندامانی کۆنگرە بڕیار لەوبارەی جەهەپەوە بدەن.

ململانێیە لەسەر کورسی

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم لەو بارەیەوە گوتی " ئەو مشتومڕەی لەبارەی جەهەپە و بڕیاری دادگا هەیە، لە قەیرانێکی ناوخۆیی پارتەکە، ململانێیەک لەسەر کورسی، یان کێشمەکێشێکی سیاسیی ڕۆژانە زۆر زۆر گەورەترە. باوەڕمانوایە، پرسە سەرەکییەکە ئەوە نییە کێ لە کوێ و لەسەر کام کورسی دادەنیشێت یان دانیشتووە، بەڵکو کێشەی سەرەکی بۆ تورکیا بریتییە لەوەی دیموکراسی چی بەسەردێت. ئایا ڕکابەریی سیاسی لەسەر سندوقەکانی دەنگدان بەڕێوەدەبرێت یان لە هۆڵەکانی دادگادا؟ ئایا ئیرادەی گەل، ئەندامان، ئەندامانی کۆنگرە و دەنگدەران دەکرێتە بنەما؟ یان سیاسەت لە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە؟".

دەبێت یاسای چوارچێوە خزمەت بە قۆناغی ڕاگوزەر بکات

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم هەروەها باسی لەو یاسایە کرد کە پێویستە لەبارەی پرۆسەکەوە بنووسرێتەوە و گوتی، دەبێت گشتگیر بێت و خزمەت بە قۆناغی ڕاگوزەر بکات.

پێویستە پرسی کورد لە بازنەی ناونراو بە تیرۆر دەربهێنرێت

هاوسەرۆکی پارتی دەم دەربارەی یاساکە گوتی " ئەوەی کە یاسای چوارچێوە فراوان و گشتگیر بێت ئێجگار گرنگە. یاساکە دەبێت بتوانێت زەمینەی بۆ گواستنەوە لە قۆناغی ململانێ و پێکدادانەوە بۆ قۆناغی مەدەنی و دیموکراتی بونیادبنێت. پێویستە پرسی کورد لە بازنەی ناونراو بە تیرۆر و ئاسایش دەربهێنێت و بیگەیێنێتە زەمینەی ئاشتی، یەکسانی و برایەتی. هەروەها دەبێت خزمەت بە قۆناغێکی ڕاگوزەر بکات لەپێناو نەهێشتنی هۆکارە سەرەکی و ڕیشەیییەکانی قۆناغی ململانێ.

دەبێت پرۆسەکە بە دامەزراوەیی بکرێت

هاتیمۆغوڵڵاری یاسای چوارچێوەی بە قۆناغی یەکەم ناوبرد و باسی لەوەکرد، قۆناغی دواتر بریتیین لە؛ بە دامەزراوەییکردنی پرۆسەکە و ناسینی ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.

پێویستە پێگەی ئۆجەلان بناسێنرێت

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، دەربارەی پێگەی عەبدوڵا ئۆجەلان گوتی "هاوکات لەگەڵ یاسای چوارچێوەدا و لە هەنگاوی دووەمدا، دەتوانرێت هەنگاوێکی بەهێز بەرەو بە دامەزراوەییکردنی پڕۆسەکە بنرێت. ئەو میکانیزمە پێویستانەی بۆ بونیادنانی ئاشتی دەخرێنە گەڕ، دەتوانن پڕۆسەکە بکەنە پڕۆسەیەکی پێشبینیکراو. پڕۆسەیەکی بە دامەزراوەییکراو دەبێتە گرەنتیکاری ئاشتی. لە هەنگاوی سێیەمدا، بۆ ئەوەی ئاشتی ببێتە بەشێک لە ژیانی ڕاستەقینە، بەدڵنیاییەوە پێویستە ڕۆڵ و پێگەی ئۆجەلان بناسێنرێت".

محەمەد عەلی

3 کاتژمێر پێش ئێستا