وەزيرێکی ديکەی ئيسرائيل قەدەغەی گەشتکردنی بۆ فەڕەنسا بەسەردا سەپێنرا
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕايگەياند، پێنج وڵات بڕیارینداوە قەدەغەى گەشتکردن بەسەر سمۆتريچ وەزيری دارایی ئيسرائيلدا بسەپێنن.
دووەم وەزیری ئیسرائیلە قەدەغە گەشتکردنی بۆ دەرکراوە
جان نوێل بارۆ وەزيری دەرەوەی فەڕەنسا لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتی ئێکس نووسیویەتى، لەگەڵ بەريتانيا، کەنەدا، ئوستراليا، نيوزلەندا و نەرويج قەدەغەی گەشتکردنيان بەسەر بيزالێل سمۆتريچ وەزيری دارایی ئيسرائيلدا سەپاندووە بۆ وڵاتەکانیان، ئەوەش دووەم وەزيری ئيسرائيلە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا قەدەغەی گەشتکردنی بۆ دەرکرابێت.
دەرکردنی سزای نوێ
ڕاشيگەياند، سزای نوێيان بەسەر ئەو کەسانەدا سەپاندووە کە بەرپرسيارن لە چڕکردنەوەی داگيرکاری و توندوتيژييەکان لە کەناری خۆرئاوا.
دەشڵێت، "لەسەر ئاستی نیشتمانی چوونی بێزالێل سمۆتریچی وەزير و چوار سەرۆکی ڕێکخراوەکانی بواری دانيشتووان و 21 کەسی توندوتیژيان بۆ خاکی وڵاتەکەيان قەدەغەکردووە".
نیگەرانی لە هەوڵەکانی سمۆتریچ
وەزيری دەرەوەی فەڕەنسا باسی لەوەشکردووە، سمۆتریچ چالاکانە پەرە بە لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا دەدات بە ئيسرائيلەوە و بە ئاشکرا بانگەشەی بۆ دەکات، هەروەها هەوڵی دروستکردنی يەکەی نیشتەجێبوونی نوێ لە کەناری خۆرئاوا دەدات، هەوڵی داگيرکردنەوەی غەززە دەدات، هەوڵی داڕماندنی ئابووری دەسەڵاتی فەڵەستین دەدات، بۆ ئەوەی لێکەوتەی خراپی لەسەر دانيشتووانەکەی هەبێت.
پشتگیریکردن لە سیاسیەتی چارەسەری دوو دەوڵەتی
دەشڵێت، ئەوە سیاسەتێکە کە زۆرینەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانن قبوڵی بکەن و بە توندی پابەندن بە چارەسەری دوو دەوڵەتی.
پێشتریش قەدەغەی گەشتکردنی بۆ بن غەفیر دەرکراوە
23ـی ئايار، جان نوێل بارۆ، وەزيری دەرەوەی فەڕەنسا ڕايگەياند، قەدەغەی گەشتکردنيان بەسەر ئيتمار بن غەفير وەزيری ئاسايشی نيشتمانیی ئيسرائيلدا سەپاندووە، داواشی لە يەکێتی ئەورووپا کرد، هەمان سزای بەسەردا بسەپێنێت، ئەوەش بەهۆی ڕەفتارەکانی لەگەڵ چالاکوانانی کەشتيگەلی گڵۆباڵ سمۆددا کە ئامانجيان شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە بوو، بەڵام لەلايەن ئيسرائيلەوە دەستگير کران.
3 کاتژمێر پێش ئێستا