قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئیسپانیا کۆبووەوە

دانیار فاروق 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانى، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕیکۆ پێرێز، باڵیۆزى ئیسپانیا لە عێراق
کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانى، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕیکۆ پێرێز، باڵیۆزى ئیسپانیا لە عێراق

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بە باشى زانى لە بوارەکانى کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و کولتووریدا ئیسپانیا  و هەرێمى کوردستان و عێراق پەیوەندییەکانیان بەرەو پێش بەرن.

پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان

ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانى، لەگەڵ ڕیکۆ پێرێز، باڵیۆزى ئیسپانیا لە عێراق کۆبووەوە و باسیان لە پێویستى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئیسپانیا کرد.گ

گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا

بەگوێرەى ڕاگەیێندراوى کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕابوون دەرفەتى گونجاو هەیە بۆ ئەوەى بەتایبەت لە بوارەکانى کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و کولتووریدا، ئاستى پەیوەندییەکان پتەوتر بکرێت.

گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان لە عێراق

لە تەوەرێکی دیکەدا، گفتوگۆ لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد کرا. لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون حکومەتی نوێی عێراق دەبێت گرنگی بە گەشەپێدانی ئابووری بدات و لەم چوارچێوەیەشدا هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم پێکەوە هەماهەنگ و هاوکار بن، بە جۆرێک هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان پێکەوە کار بکەن بۆ گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان.

کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕابوون وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت هاوکار بن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ئاشتی و سەقامگیری لێبکەوێتەوە.

دانیار فاروق

3 کاتژمێر پێش ئێستا