سوپای تورکیا لە شیلادزێ پشکنین بۆ هێزەکانى سنووری عێراق دەکات

ئارام یوسف 3 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکەیەکی پاسەوانی سنوور لە سنووری پارێزگای دهۆک
یەکەیەکی پاسەوانی سنوور لە سنووری پارێزگای دهۆک

لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئۆتۆمبێلەکانی هێزی پاسەوانی سنووریی عێراق لەلایەن سوپای تورکیاوە دەپشکنرێن و داوای ناسنامە لە ئەندامەکانى دەکرێت.

تێپەڕبوون بە بازگەی سوپای تورکیا لە سنووری شیلادزێ

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، هێزەکانی سنووری عێراق بارەگایەکی سەربازییان لە گوندی سیدا لە سنووری شاردەێی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی هەیە، لەکاتی تێپەڕبوونیان بۆ گەیشتن بە شوێنی ئەرکەکەیان، پێویستە بە بازگەیەکی سوپای تورکیادا تێپەڕن.

ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق

گوتیشی، هێزەکانی تورکیا، ئۆتۆمبێلەکانی پاسەوانی سنووری عێراق ڕادەگرن و پشکنینیان بۆ دەکەن، هەروەها داوای ناسنامەی ئەندامانی ئەو هێزەش دەکرێت.

بە گوتەی کامەران عوسمان، ئەو بازگەیەی سوپای تورکیا دەکەوێتە هاوینە هەواری ئاڤا مارک لە گەلی ڕێکان.

وردبینی لە ناسمامە و تۆمارکردنی ناویان

دەشڵێت، لە مانگی نیسانەوە هەموو جارێک پشکنین بۆ هێزەکانی سنووری عێراق دەکەن و ناسنامەیان لێوەردەگرن و ناوی تۆمار دەکەن، دواتر ڕیگەیان پێدەدەن بەرەو شوێنی ئەرکەکەیان تێپەڕن.

بازگەکەی تورکیا لە قوڵایی 19 کیلۆمەتری خاکی هەرێمی کوردستاندایە

بازگەکەی سوپای تورکیا لە ئاڤا مارک، بە قوڵایی 19 کیلۆمەتر دەکەوێتە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لە ساڵی 2021ەوە سوپای تورکیا لەو ناوچەیە جێگیر بووە.

ئارام یوسف

3 کاتژمێر پێش ئێستا