دواى دوو مانگ سەباح ئەتروشى و ڕێبەر ئیمنکى ئازادکران

ئارام قەرەداغی 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕۆژنامەوان سەباح ئەتروشى
ڕۆژنامەوان سەباح ئەتروشى

لە پاش 65 ڕۆژ مانەوە لە زیندانى ئاسایشى دهۆک، ئەمڕۆ ڕۆژنامەوان سەباح ئەتروشى و ڕێبەر ئیمنکى چالاکوان بە کەفالەت ئازادکران، کە لەسەر ڕەخنەگرتن لە گرانى نرخى کارەبا دەستگیرکرابوون.

ڕەخنەگرتن لە گرانی نرخی کارەبا

لە پاش ئازادکردنى، سەباح ئەتروشى بە کەناڵ8ـى گوت "لە سەرەتاى مانگى نیسان ڕەخنەیان لە گرانى نرخى کارەبا لە پرۆژەى ڕووناکى و بڕینى کارەباى هاونیشتمانییان گرتووە، بڕیار بوو ڕاگەیێنراوێکى ناڕەزایی بخوێنینەوە، بەڵام داواکارى گشتى داوایەکى لە دژ جوڵاندووین و بەهۆیەوە دەستگیرکراون".

لە کاتی خوێندنەوەی راگەیێنراوێکدا دەستگیر کراون

سەباح ئەتروشى، گوتى "لە سکاڵاکە داواکارى گشتى گوتویەتى لە کاتێکدا گردبوونەوە دەکەن هەرێمى کوردستان لە ژێر هێرشى درۆنیدایە و بەو هۆیەوە داواى دەستگیرکردنى کردبوون".  گوتیشى "ئێمەش وەڵاممان بۆ داواکارى گشتى ئەوە بووە تەنیا خوێندنەوەى ڕاگەێێنراوێک بووە و گردبوونەوەش نەکراوە تاوەکو دەستگیر بکرێین".

لە ئێستادا بە کفالەت ئازاد کراون

لەو ماوەیەى سەباح ئەتروشى لە زیندان بووە لەلایەن مەکتەبى ڕێکخستنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە دهۆک سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، لەوبارەیەوە گوتى "وادەى دادبینى بۆ ئەو سکاڵای  15ـى ئەم مانگەیە و ئێستا بە کەفالەت ئازادکراوین".

مانگى ئازار و نیسانى ڕابردوو لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لە دژى گرانى نرخى کارەباى پرۆژەى ڕووناکى، ئەتروشى و ڕێبەر ئیمنکى و دوو ڕۆژنامەوانى دیکە و مامۆستایەکى ئایینى دەستگیرکران،  مامۆستایەکى دیکەى ئایینى لە وتاربێژى دوورخرایەوە.

ئارام قەرەداغی

3 کاتژمێر پێش ئێستا