ترەمپ: بۆ بەردانەوەی ئەپاتچییەکەمان وەڵاممان دەبێت

بەهزاد ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

هێلیکۆپتەرێکی سوپای ئەمریکا لە نزیک ئاوەکانی عوممان کەوتە خوار، سێنتکۆم دەڵێت، هەردوو فڕۆکەوانەکەیمان ڕزگار کردووە و هێشتا لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەش لێکۆڵینەوە دەکەن.

بەهۆی درۆنێکی ئێرانەوە کەوتووەتە خوارەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی ترووس ڕایگەیاند، ئێرانییەکان یەکێک لە هەلیکۆپتەرە پێشکەوتووەکانی جۆری ئاپاچی ئەمریکایان لە ئاوەکانی نزیک بە گەرووی هوورمز خستووەتە خوارەوە و ناچارن وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە، ماڵپەری هەواڵی ئەکسیۆسیش لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند، کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە بەهۆی خۆپێداکێشانی درۆنێکی ئێرانییەوە بووە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەکان دەریان نەخستووە پیاکێشانەکە بە ئەقەست بووە یان بە هەڵە بووە.

تیمی فڕۆکەوانیی هێلیکۆپتەرەکە ڕزگار کراون

کەمێک پێش لێدوانەکانی ترەمپ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" ڕزگارکردنی دوو ئەندامی تیمی فڕۆکەوانیی هێلیکۆپتەرێکی جۆری ئەپاچی-ئەی ئێچ 64ــی ڕاگەیاند، کە لە نزیک گەرووی هوورمز لەکاتی ڕۆیشتن بە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کەوتووەتە خوار.

لێکۆڵینەوەکان لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە بەردەوامە

سێنتکۆم ڕایگەیاند، ڕووداوەکە کاتژمێر 7 و 33 خولەکی ئێوارەی دوێنێ بە کاتی ئەمریکا ڕوویداوە. دوای دوو کاتژمێر لە خۆهەڵدانیان، هەردوو ئەندامی تیمی هێلیکۆپترەکە بە سەلامەتی ڕزگارکراون و باری تەندروستییان جێگیرە، دەربارەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەش گوتیان، هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

بەگوێرەی سێنتکۆم، پرۆسەی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە و بە بەشداریی فیرقەی 82ـی ئاسمانی و پشتیوانیی یەکەکانی ئاسمانی و دەریایی و هێزی تایبەتی ئۆپراسیۆنەکانی 59ـی کەشتیوانییەوە ئەنجامدراوە.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئەو دوو فڕۆکەوانەی کۆپتەرەکەیان لە نزیک گەرووی هوورمز کەوتە خوارەوە، "سەلامەت و تەندروستن"

بەهزاد ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا