وەزارەتى دەرەوەى ئێران: تاران لەپشت هێرشەکەى سەر ئەپاچیەکە نییە

دانیار فاروق 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کازم غەریب ئابادى، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران
کازم غەریب ئابادى، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران

وەزارەتى دەرەوەى ئێران، جەختیکردەوە، تاران لەپشت هێرشکردنە سەر فڕۆکە ئەپاچییەکەى سوپاى ئەمریکاوە نییە کە لەسەر گەرووى هوورمز کەوتووەتە خوارەوە.

لێدوانی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

لەوبارەیەوە، کازم غەریب ئابادى، بریکارى وەزارەتى دەرەوەى کۆمارى ئیسلامى ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاى عەرەبى، ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو هێرشەى کراوەتە سەر فڕۆکەى جەنگى ئەپاتچى ئەمریکا لەسەر گەرووى هوورمز، تارانى لەپشتەوە نییە، گوتوشیەتى، لەوانەیە ڕووداوێکى لەو شێوەیە ڕوویدابێت، کە بەدەستى ئەنقەست نەبووبێت، چونکە کەشوهەواى گەرووەکە ناسەقامگیرە.

هیچ بە ئامانجگرتنێکی بە ئەنقەست ڕووی نەداوە

کازم غەریب ئابادى، ئاماژەى بەوەشکرد، هیچ بە ئامانجگرتنێکى بە ئەنقەست لەلایەن ئێرانەوە لەبەرامبەر ئەو فڕۆکەیەى سوپاى ئەمریکا ئەنجام نەدراوە.

لە ئاوەکانی گەرووی هورمز کەوتە خوارەوە

وەڵامەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران، لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ فڕۆکەیەکى جەنگى جۆرى ئەپاتچى ئەمریکا لە ئاوەکانى گەرووى هوورمز بەهۆى بە ئامانجگرتنێکى مووشەکییەوە کەوتە خوارەوە و تیمى فڕۆکەکە سەلامەت بوون.

تیمی فڕۆکەکە لە لایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە ڕزگار کراون

بەگوێرەی سێنتکۆم، پرۆسەی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە و بە بەشداریی فیرقەی 82ـی ئاسمانی و پشتیوانیی یەکەکانی ئاسمانی و دەریایی و هێزی تایبەتی ئۆپراسیۆنەکانی 59ـی کەشتیوانییەوە ئەنجامدراوە.

لێدوانی ترەمپ لەسەر ڕووداوەکوە

کەمێک پێش لێدوانەکانی ترەمپ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" ڕزگارکردنی دوو ئەندامی تیمی فڕۆکەوانیی هێلیکۆپتەرێکی جۆری ئەپاچی-ئەی ئێچ 64ــی ڕاگەیاند، کە لە نزیک گەرووی هوورمز لەکاتی ڕۆیشتن بە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کەوتووەتە خوار.

دوابەدواى بڵاوکردنەوەى هەواڵى کەوتنە خوارەوەى فڕۆکەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە تۆڕی ترووس ڕایگەیاند، ئێرانییەکان یەکێک لە هەلیکۆپتەرە پێشکەوتووەکانی جۆری ئاپاچی ئەمریکایان لە ئاوەکانی نزیک بە گەرووی هوورمز خستووەتە خوارەوە و ناچارن وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە، ماڵپەری هەواڵی ئەکسیۆسیش لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند، کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە بەهۆی خۆپێداکێشانی درۆنێکی ئێرانییەوە بووە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەکان دەریان نەخستووە پیاکێشانەکە بە ئەقەست بووە یان بە هەڵە بووە.

دانیار فاروق

2 کاتژمێر پێش ئێستا