کەشناسی: سبەی لە سەنتەری پارێزگاکان نمەباران دەبێت

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکان تاوەباران دەبێت و سبەی لە سەنتەری پارێزگاکان نمەباران دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینیی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی ئایاری 2024، ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت و ئەگەری تاوەباران لە هەندێک لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی چوارشەممە 22ـی ئایاری 2024، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت لە کاتەکانی نیوەرۆ ئەگەری بارانبارینی کەم هەیە لەگەڵ هەورە تریشقە لەسەر ناوچە شاخاوییەکان و لە سەنتەری پارێزگاکان ئەگەری بارینی نمەباران هەیە.
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی لە کاتەکانی ئێوارەدا کەشەکە جێگیر دەبێت، بەڵام پێشبینیی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک هەیە و پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلە نزمدەبێتەوە.
21/05/2024