پسپۆڕێک: لە سلێمانی تەنیا شەش ملیۆن دۆلار ژیانی 30 هەزار کەس رزگاردەکات

پسپۆڕێکی چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک باس لە جۆرەکانی تیشک دەکات و سوود و زیانەکانی هەر جۆرە تیشکێک رووندەکاتەوە؛ لە باسی کێشەکانی سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک لە سلێمانی دەڵێت: چارەخوازان پێویستدەکات 4-5 مانگ سەرەبگرن
د. بەمۆ نەقشبەندی، پسپۆڕی چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک و بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە لە شاری سلێمانی، لە بوڵتنی تەندروستیی کەناڵ8دا گوتی
"جۆرەکانی تیشک زۆرن، تەنیا چەند جۆرێکیان زیانیان هەیە، بۆنموونە تیشکی ئێکس [کە لەناو خەڵکیدا بە ئەشیعە ناسراوە] و تیشکی تەنووری؛ ئەوانیش ئەگەر زۆر دووبارە نەکرێنەوە و لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕدا بێت، دەکرێت بڵێین زیانەکانیان ئەوەندە کەمن کە شایەنی باسکردن نین'
ماوەیەک لەمەوپێش دەنگۆ بڵاوکرایەوە لەسەر ئەوەی کە تاوەرەکانی پەیوەندی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکەن و هۆکاری سەرەکیین بۆ زیادبوونی رێژەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان؛ لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری کەناڵ8دا سەبارەت بەم بابەتە، پزیشکە پسپۆڕەکە گوتی "تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی زانستی نەیسەلماندووە کە تاوەرەکانی پەیوەندی، واتە ئەو تاوەرانەی بۆ ئینتەرنێت و مۆبایل دادەنرێن، هۆکاربن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە"
د. بەمۆ باسی لەوە کرد کە راستە تیشکەکان زیانیان هەیە، چونکە بەرکەوتنی بڕێکی زۆر لە تیشک بە بەشێکی دیاریکراوی جەستە، دەبێتەهۆی لەناوچوونی خانەکان؛ بەڵام ئێستا دەتوانرێت هەمان ئەو هۆکارەی وادەکات تیشکەکان زیادبەخش بن، بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە
"لەم چارەسەرەدا ئێمە دێین تیشکێکی زۆر ئاراستەی خانە شێرپەنجەییەکان دەکەین و ناهێڵێن ئەو تیشکە بەر خانە تەندروستەکانی دەوروبەری شێرپەنجەکە بکەوێت، یان بڕێکی زۆر کەمیان بەردەکەوێت؛ بەم شێوازەش دەتوانین خانە شێرپەنجەییەکان لەناوببەین"
د. بەمۆ، کە بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوەیە بۆ چارەسەر بە تیشک لە شاری سلێمانی، گوتی لە باشووری کوردستاندا تەنیا لە هەولێر دوو ئامێر و لە سلێمانیش دوو ئامێری چارەسەر بە تیشک هەن "کە ئامێرەکانی سلێمانی کۆنن و لە هەر خولەکێکدا دەکرێت بەهۆی کۆنییانەوە لەکاربکەون"
کەمیی ئامێرەکان وایکردووە نۆرەگرتنی چارەخواز نزیکەی چوار بۆ پێنج مانگ بێت، لە کاتێکدا بەگوێرەی رێنامە زانستییەکان تووشبووی شێرپەنجە نابێت لە حەوت بۆ دە رۆژ زیاتر چاوەڕێی وەرگرتنی چارەسەری تیشکی بکات.
پزیشکە پسپۆڕەکە گوتی "هەندێجار پەیوەندیمان بە خێزانی چارەخوازێکەوە کردووە بۆئەوەی ئاگەداریان بکەینەوە کە سەرەیان هاتووە بۆ وەرگرتنی تیشک، بەڵام گوتوویانە ئەو چارەخوازە گیانیلەدەستداوە و پرسەکەشی تەواوبووە"
بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، شاری سلێمانی لانیکەم پێویستی بە دوو ئامێری دیکەیە بۆئەوەی بتوانێت بەشێوازێکی دروست چارەسەری چارەخوازانی شێرپەنجە بکات و کڕینی ئەم دوو ئامێرە پێویستی بە نزیکەی چوار بۆ شەش ملیۆن دۆلارە
"ئەگەر بێتوو شەش ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی ئەم دوو ئامێرە تەرخانبکرێت، دەتوانرێت لە ماوەی 10 ساڵدا لانیکەم ژیانی 30 هەزار تووشبووی شێرپەنجە رزگاربکرێت"
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەنتەری ژیانیەوە لە سلێمانی لەڕووی توانای مرۆییەوە هیچ کێشەیەکی نییە، واتە ئەگەر بێتوو ئامێرەکان دابینبکرێن، دەتوانرێت بە هەموو توانایەکەوە کاربکرێت بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانییان
25/05/2024