تەکنەلۆجیای دیجیتاڵ روخساری ژنێکی تەمەن 2200 ساڵ دروستدەکاتەوە

لە مۆزەخانەی هونان لە شاری چانگشا لە چین، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵ، وێنەیەکی سێ رەهەندی یەکێک لە بەناوبانگترین تەرمە مۆمیاکراوەکان دروستدەکاتەوە.

وێنە دیجیتاڵییەکە تەرمی مۆمیاکراوی خانمێکە بەناوی "شین ژوو" کە تەمەنی دوو هەزار و 200 ساڵە و خەڵکی ناوەڕاستی چینە، وێنەکە گوزارشتە لەو خانمە لە تەمەنی 35 ساڵیدا و بە بەکارهێنانی هونەری دیجیتاڵی توانراوە بە وردەکارییەکی زۆرەوە دروستبکرێتەوە.

دروستکردنەوەی کارەکتەری شین ژوو لە چوارچێوەی هەوڵێکی درێژخایەندایە بۆ پیشاندان و گەڕاندنەوەی سیمای خەڵکی چینی کۆن.

مۆزەخانەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هەنگاوی داهاتوویان بریتی دەبێت لە پەرەپێدانی کۆپییەکی کارەکتەرە دیجیتاڵییەکە بە ژیریی دەستکرد، کە بتوانێت بەشداری لە گفتوگۆی فرە زمانیدا بکات و بڕیارە ئەم کارەکتەرەی ژیریی دەستکردە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا بڵاوبکرێتەوە.