بەهۆی ئاگرێكەوە لە هیندستان 27 كەس گیانیانلەدەستدا

بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر لە تەلارێك لەناو پاركێكی وڵاتی هیندستان، 27 كەس گیانیانلەدەستدا كە چواریان منداڵن، دەیانی دیكەش برینداربوون.
میدیاكانی هیندستان بڵاویانكردووەتەوە، تەلارێك لەناو پاركی "تی ئاڕ بی" تایبەت بە بەسەربردنی كات لە شاری راجكوت لە ویلایەتی گوجارتی خۆرئاوا ئاگری گرتووە، بەهۆی ئەوەشەوە 27 كەس گیانیانلەدەستداوە.
روونیشكراوەتەوە، پاركەكە زۆر قەرەباڵغ بووە و لەناو قوربانییەكاندا چوار منداڵ هەیە، بەهۆی رووداوەكەوە ژمارەیەكی زۆیش هاوڵاتی برینداربوون، بەشێكیان بەهۆی ئەوەوە بووە كە لەكاتی ئاگرەكەدا لە سەنتەرێكی بۆڵێنگ یاریان كردووە بەڵام بەهۆی ئاگرەكەوە شڵەژاون و هەڵاتوون و كەوتوون بەسەر یەكدا، بەشێكیشیان پەنجەرەكانیان شكاندووە و لەو رێگەیەوە هەڵاتوون.
پۆلیسی هیندستان ئەوەی ئاشكراكردووە، لەكاتی ئاگرەكەدا زیاتر لە 300 كەس لەناو تەلارەكەدا بوون كە لە دوو نهۆم پێكدێت، ئەو هەیكەلە كاتییەی لەبەردەم دەرگای تەلارەكەدا دروستكراوە رووخاوە، بەهۆی ئەوەشەوە هاوڵاتیان لەناو تەلارەكە گیریانخواردووە، هەروەها بەهۆی ئەو ماددانەی زۆر خێرا ئاگردەگرن، ئاگرەكە زیاتر تەشەنەی سەندووە.
26/05/2024