ئەمڕۆ سەرژمێریی ئەزموونى لە عێراق دەستپێدەکات

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رۆژی 26ی ئایاری 2024، قۆناغی ئەزموونى سەرژمێری دانیشتووانی عێراق دەستپێدەکات و سەرجەم شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
بەگوێرەى خشتەکانی بودجەی 2024، حکومەتی عێراق بڕی 300 ملیار دیناری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان تەرخانکردووە، کە 38 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
بە گوێرەی وەزارەتەکە، ئەمڕۆ سەرژمێری وەک تاقیکردنەوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەستپێدەکات و لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا سەرژمێری تەواو لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو کە پرۆسەی سەرژمێریەکە دوور دەبێت لە لایەنگری تائیفی و مەزهەبیەوە.
بەگوێرەى خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2023ـدا گەیشتبووە 43 ملیۆن کەس، هاوکات بەغدادی پایتەخت بە قەرەباڵغترین شاری وڵاتەکە دادەنرێت لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە.
وەزارەتی پلاندانان پێشبینیدەکات تا ساڵی 2028 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بگاتە 48 ملیۆن کەس.
26/05/2024