بەشی دووەمی "I Am Legend" بەرهەمدەهێنرێت

بەشێوەیەکی فەرمی، گەڕانەوەی بەشی دووەمی فیلمی "I Am Legend" پشتڕاست کرایەوە و ماوەی چەند ساڵێکە کار لەسەر بەرهەمهێنانی دەکرێت.
گەرچی پێشووتر ویڵ سمیس، ئەکتەری دیاری هۆڵیوود و رۆڵگێڕی سەرەکیی کارەکتەری فیلمی "I Am Legend"، ئاماژەی بەوە دا کە بەشداریی لە بەشی دووەمی ئەم فیلمەدا ناکات، بەڵام زانیارییە نوێیەکان هەموو ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە ئەم ئەکتەرە بۆ جارێکی دیکە، رۆڵی کارەکتەرە دڵخوازەکەی I Am Legend دەگێڕێتەوە.

ماوەی دوو ساڵە کار کردن لەسەر بەشی دووەم دەستیپێکردووە، کە لە بەشی یەکەمدا، چیرۆکی فیلمەکە گێڕانەوەی مانەوە و رزگاربوونی کارەکتەرێک بوو بەناوی رۆبەرت نیڤیڵ، کە لە شاری نیو یۆرک، بەتەنها ناچار دەبێت بەرەنگاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندە ببێتەوە کە تووشبووانی وەکو زۆمبی لێدەکات.
بە گوتەی ئاکیڤا گۆڵدسمانی سیناریست، بەشی دووەمی ئەم فیلمە، چەند دەیەیەک پاش کۆتایی چیرۆکی یەکەم دەستپێدەکات، سەرنجی سەرەکیی دەخاتە سەر بەردەوامبوونی نیڤیڵ لە کەشی وێرانەی وڵاتەکەدا.

گەرچی هیچ زانیارییەکی زیاتر سەبارەت بە ناوەڕۆکی بەشی دووەم ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ویڵ سمیس جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرەتا نەیویستووە بەشداریی لە بەشی دووەم بکات، "ئەوکاتەی بیرۆکەی فیلمەکەم بینی، زۆر بەدڵم بوو، ویست ببم بە بەشێک لە دروستکردنی".
26/05/2024