قاسم ئەعرەجی: رێگە نادەین لە عێراقەوە هەڕەشە بکرێتەسەر تورکیا

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، باڵیۆزی تورکیای دڵنیاکردەوە، وڵاتەکەی رێگە نادات لە خاکی عێراقەوە هێرشبکرێتەسەر تورکیا.
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە دیدارێکدا، قاسم ئەعرەجی لەگەڵ عەلی رەزا گونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق گفتوگۆیانکردووە دەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو گەلی هاوسێ و بەردەوامی هاوکاریی بونیادنەرانە، لەو دۆسیە و بابەتانەی کە جێگەی بایەخی هەردوو وڵاتن.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەی ئەعرەجی و گونەی، گفتوگۆ کراوە دەربارەی سەردانەی ئەم دواییەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغداد، بایەخی بەدواچوونی ئەو یاداشتانەی کە لەو سەردانەدا لە نێوان هەردوولا واژۆیان لەسەر کراوە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەعرەجی جەختیکردووەتەوە، لە هەڵوێستی جێگری عێراق، کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات لە خاکی عێراقەوە گرووپە "تیرۆریست و قەدەغەکراوەکان"، ببنە مەترسی لەسەر ئاسایشی هەردوو وڵات و ناوچەکە.
رۆژی 22ـی نیسانی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە بەغداد، دواتر بەغداد و ئەنقەرە 26 رێککەوتنامەی هاوبەشیان لە بوارەکانی ئابووری، وزە، بازرگانی، ئەمنی و چەند دۆسیەیەکی جێی بایەخی هەردوولا واژۆ کرد.
پرسی هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە
26/05/2024