ساڵی رابردوو لە ئێران تەرمی 942 کەسی نەناسراو دۆزراونەتەوە

ساڵی رابردوو لە ئێران تەرمی 942 کەسی نەناسراو كە زۆرترینیان لە تارانى پایتەختى ئەو وڵاتەدا بووە دۆزراونەتەوە، جێگری بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە پۆلیسی تارانیش دەڵێت، 83 تەرمیان هاوڵاتیی ئەفغانی بووە.
مورتەزا نەساری، جێگری بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە پۆلیسی تاران رایگەیاند، ساڵی رابردوو لە سەرتاسەری ئێران 942 تەرمی ناسنامە نادیار دۆزراونەتەوە، کە 83 تەرمیان هاوڵاتیی ئەفغانی و یەکێکیان بەنگلادشی و ئەوی دیکەیان پاکستانی بووە.
نەساری راشیگەیاندووە، زۆرترین تەرمی ناسنامە نادیار نزیکەی نیوەی تەرمە دۆزراوەکانە، لە شاری تاران دۆزراونەتەوە، 64%ـی تەرمەکان پیاو بوون و 36%یشیان ژن بوون و نزیکەی 40%ـی تەرمەکانیش تەمەنیان لە خوار 45 ساڵەوە بووە.
باسی ئەوەشکردووە، ساڵی پیشووتریش لە ئێران نزیکەی هەزار تەرمی نەناسراو دۆزراونەتەوە، بەگشتی ساڵانە لە ئێران نزیکەی هەزار تەرمی ناسنامە نادیار دەدۆزرێنەوە، بەڵام لەساڵی 2020 دا بەهۆی کۆرۆناوە زیاتر لە هەزار و 300 تەرمی ناسنامە نادیار لە ئێران دۆزراونەتەوە.
بەگوتەی نەساری، هۆکاری نەناسینەوەی تەرمەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، نزیکەی 30% بۆ 35%ـی تەرمەکان هیچ تۆمارێکیان لە فەرمانگەی باری شارستانیدا نییە، هەروەها 15%ـی تەرمەکانیش لەلایەن خێزان و کەسوکارەکانیانەوە راناگەیەندرێن و 10%ـی دیکەشیان هیچ کەسوکارێکیان نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، 40% تەرمەکانیش بەهۆی کێشەی خێزانی و هەژارییەوە لەلایەن بنەماڵە و کەسوکاریانەوە وەرناگیردرێنەوە.
08/06/2024