کێ ناتوانێت ئەسپرین بەکاربهێنێت؟

پێویستە ئەسپرین لەژێر رێنمایی پزیشکدا بەکاربهێنرێت
پێویستە ئەسپرین لەژێر رێنمایی پزیشکدا بەکاربهێنرێت

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ئەسپرین بەکارهێنانێکی گشتگیر و بەربڵاوی هەیە بە مەبەستی پێشگیریکردن لە سەرهەڵدانی نەخۆشییەکانی دڵ.

ئەسپرین دەرمانێکی ناستیرۆیدیی دژەهەوکردنە. مێژووی دۆزینەوە و خستنەڕووی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی 19. ئەسپرین ناوێکی خوازراوە بۆ ”ترشی ساڵیسیڵێک“ کە بۆ یەکەمین جار لەلایەن کۆمپانیای بایەری ئەڵمانییەوە خرایە بازاڕەوە. لەڕاستیدا ئەمە یەکەمین دەرمان بوو کە لە شێوەی حەبدا بخرێتەڕوو. بەرهەمهێنانی دەرمانەکە لەڕێگەی پوختەکردنی نیانی درەختی شۆڕەبییەوە بووە. هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە بەکارهێنانی نیانی ئەم درەختە وەک ئازارشکێنێک، دەگەڕێتەوە بۆ 4000 ساڵ بەر لە ئێستا.

تایبەتمەندییەکانی ئەسپرین بەگشتی خۆیان دەبیننەوە لە:

  • چارەسەرکردن و رەواندنەوەی ئازار
  • کەمکردنەوەی تا
  • چارەکردنی هەوکردن
  • کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ

پێویستە دووربکەوینەوە لە وەرگرتنی ئەسپرین لەگەڵ ئەم دەرمانانەی خوارەوەدا. چونکە کارلێكێکی نەرێنی لە لەشدا دەهێننەئاراوە و مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروستدەکات‌‌‌‌:

  • دایکڵۆفینەیک
  •  ئیبۆپڕۆفین
  •  نەپڕۆکسین
  • سیتالۆپرام
  •  فلوکزیتین
  •  سێرترالاین
  •  وارفارین
  •  میسۆتریکزەیت
  • کۆمەڵێک دەرمانی جۆربەجۆری دیکە.

 بۆیە پێویستە لە میانەی وەرگرتنی دەرمانی دیکەدا راوێژ بە پزیشک یاخود دەرمانسازێک بکرێت، بە مەبەستی خۆپاراستن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی روودانی کارلێک لەنێوان دەرمانەکاندا.

نابێت ئەسپرین لەم بارودۆخانەی لای خوارەوەدا بەکاربهێنرێت:

  • خانمانی دووگیان و شیردەر
  • بە هیچ جۆرێک نابێت بۆ منداڵان و کەسانی خوار 18 ساڵ بەکاربهێنرێت
  • برینی گەدە
  • نەخۆشیی جگەر و گورچیلە
  • رەبۆ
  • حاڵەتی خوێنبەربوون

کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەسپرین:

  • سووربوونەوە و خورانی پێست
  • دڵتێکهەڵاتن
  • بریندارکردنی ناوپۆشی گەدە
  • گرفتی هەرس