دوایین زانیاریی لەبارەی قوربانییەکانی شەڕەتەقەکەی هەولێر

ئێوارەی دوێنێ، لەسەر کێشەى زەویوزار لە گەڕەکى هەولێرى نوێ لە هەولێر شەڕەتەقە لەنێوان چەند کەسێک روویدا و سێ کەس کوژراون و دووانی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ دەنگۆی گیانلەدەستدانی یەکێک لە بریندارەکان بەناوی مەڕوان ئیدریس بڵاوکرایەوە و باس لەوەدەکرا کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەڕەتەقەکەی هەولێردا گیانیانلەدەستداوە، گەیشتووەتەوە چوارکەس، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، تەنیا سێ کەس گیانیانلەدەستداوە.

کەسوکاری مەڕوان ئیدریس بە کەناڵ8ـیان راگەیاند، کوڕەکەیان لە ژیاندایە و گیانیلەدەستدانەداوە.

ئێوارەی دوێنێ، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر بە کەناڵ8ـی گوت،لە گەڕەکى هەولێرى نوێ شەڕەتەقە لەنێوان چەند کەسێک روویدا و کوژراو و بریندار هەن.

پەیامنێرى کەناڵ8 لە هەولێر رایگەیاند، شەڕەکە لەسەر خاوەندارێتیی پارچە زەوییەک لە گەڕەکى هەولێرى نوێ لەنێوان ژمارەیەک هاوڵاتى دروستبووە و بەگوتەى شایەتحاڵەکان، لە رووداوەکەدا چەکى جۆراوجۆر بەکارهێنراوە.

راشیگەیاند، ئەو زەوییەى کێشەى لەسەر دروستبووە، لە ناوچەیەکى بازرگانى هەولێردایە و کەسێک ویستوویەتى بیکات بە قوتابخانەى تایبەت، بەڵام ژمارەیەک هاوڵاتى دیکە خاوەندارێتییان بۆ خۆیان گەڕاندووەتەوە و رێگرییان کردووە و شەڕەتەقە دروستبووە.