پۆرتوگال بەسەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ رووبەڕووی ئێرلەندا دەبێتەوە

ئەمشەو لە یارییە دۆستانە ئامادەکارییەکان پێش دەستپێکردنی پاڵەوانییەتی یۆرۆی 2024، هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەسەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یارییەکدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئێرلەندا دەبێتەوە، کە پۆرتوگالییەکان ئامانجیان بەدەستهێنانی پلەیەکی گونجاوە لە پاڵەوانییەتی یۆرۆدا.
رۆبەرتۆ مارتینێزی راهێنەری پۆرتوگال لەوکاتەوەی ئەرکی راهێنانی وڵاتەکەی گرتووەتەدەست تەنیا لە دوو یارییدا دووچاری شکستبووە و 12 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام ئامانجی راهێنەرەکە زۆر لەوە زیاترە و بەباشی دەزانێت بەدەستهێنانی دووەمین ناسناوی پاڵەوانییەتی یۆرۆ بۆ پۆرتوگال هەروا ئاسان نابێت، لەبەرئەوە پێویستە لەلوتکەی ئاستیاندا رکابەری هەڵبژاردەکانی دیکە بکەن، کە لەدوایین دوو یاریی دۆستانەدا بردنەوەیان بەرامبەر فینلەندا بەدەستهێنا، بەڵام بەرامبەر کرواتیا دووچاری شکستبوون.
مارتینێز بەپێکهاتەیەکی تێکەڵ لە یاریزانە بەئەزمون و لاوەکان دەیەوێت نمونەیەکی بەهێزی پاڵەوانییەتیەکەبێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی هەڵبژاردەکە بۆ دوایین جار بەشداری لە یۆرۆ دەکات و ئامانجی دووبارەکردنەوەی ئەو دەستکەوتەیە، کە پێشتر بۆ وڵاتەکەی بەدەستیهێنا.
پۆرتوگال لەدوایین سێ رووبەڕووبونەوەی بەرامبەر ئێرلەندییەکان دووچاری هیچ شکستێک نەبووە و دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا ئێرلەندا نەیتوانیوە بگاتە پاڵەوانییەتی یۆرۆی داهاتوو.
سێلێساوی ئەوروپا دوای ئەوەی لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ ئاستێکی بەرزی نیشاندا، نایەوێت بۆ دووەم یاریی دۆستانەی لەسەریەک دووچاری شکستبێت، کە لە 2015 وە ئەوە رووینەداوە، لەبەرئەوە کریستیانۆ و هاوڕێکانی سوورن لەسەر گەڕانەوەیان بۆسەر رێچکەی بردنەوەکان و دواتر گەشتەکەیان بەرەو ئەڵمانیا دەستپێدەکات، کە لەیەکەم یاری خۆیان لە پاڵەوانییەتیەکەدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی چیک دەبنەوە.
11/06/2024