لە یۆرۆی ئەمساڵ 13 یانەی خولە ئەوروپییەکان زۆرترین یاریزانەکانیان بەشداری دەکەن

وەرزی پاڵەوانییەتیە نێودەوڵەتییەکان دەستپێدەکاتەوە و تەنیا سێ رۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانییەتی یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا، کە تیایدا ئەڵمانیای میوانداری لە ئەلیانز ئارینا میوانداریی سکۆتلەندا دەکات، یۆرۆی ئەمجارە زۆر جیاوازە و کۆمەڵێک لە دیارترین ئەستێرەکانی جیهان لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان بەشداری تیادا دەکەن، کە 11 یاریزانی پاڵەوانییەتیەکە نرخیان لە 100 ملیۆن یۆرۆ زیاترە.
ئەو یانانانەی پشکی شێریان بەرکەوتووە و زۆرترین یاریزانیان بەشداری پاڵەوانییەتیەکە دەکات لە 13 یانە پێکهاتوون، کە مانچێستەرسیتی ئینگلیزی بە 14 یاریزان و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بە 13 یاریزان لەپێشەنگی لیستەکەدان.
مان سیتی، سێ یاریزانی لە ئینگلتەرا، چوار یاریزانی لە پۆرتوگال، دوو یاریزانی لە بەلجیکا، دوو یاریزانی لە کرواتیا و یەک یاریزانیشی لە هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا، سویسرا و هۆڵەندا یارییدەکەن.
ئینتەرمیلانیش، پێنج یاریزانی لەپێکهاتەی ئیتاڵیادایە، دوو یاریزانی بۆ هۆڵەندا و فەرەنسا، یەک یاریزانی لەگەڵ هەڵبژاردەکانی تورکیا، سویسرا، ئەلبانیا و نەمسا یارییدەکات.
لەدوای ئەوان، یانەکانی ریال مەدرید، بەرشلۆنە و پاریس سانجێرمان هەریەکەیان 12 یاریزانیان بەشداری یۆرۆ دەکەن، کە زۆرینەی ئەستێرەکانی دوو جەمسەرەکەی ئیسپانیا یاریزانی ئیسپانیان، پاریس سانجێرمانیش بەشێکی گەورەی لەپێکهاتەی فەرەنسا پێکهێناوە.
یانەکانی بایرن میونشن و لایپزیگ لە بۆندسلیگا، 11 یاریزانیان لە پاڵەوانییەتی یۆرۆ دەبێت، هاوکات هەریەکە لە ئارسیناڵی ئینگلیزی و بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی 10 یاریزانیان بانگهێشتی پاڵەوانییەتیەکە کراوە، لەدوای ئەوانیش یانەکانی لیڤەرپووڵ، یوڤێنتۆس، رۆما و سلاڤیا پراگ دەبینرێن، کە لە هەر یەکێکیان نۆ یاریزان بەشداری یۆرۆ دەکات.
سێ یانەی دیکەی پرێمەرلیگ بە شەش یاریزان یان زیاتر بەشداری یۆرۆ دەکەن، ئەوانیش مانچێستەر یونایتد بە هەشت یاریزان، برێنتفۆرد بە حەوت یاریزان و چێڵسی شەش یاریزانی بانگهێشتی یۆرۆ کراون.

11/06/2024