رەخنەگرێکی سینەمایی: بینەران لە ویڵ سمیس خۆشبوون

بڵاوبوونەوەی بەشە نوێیەکەی فیلمی "Bad Boys"، توانا و کاریگەریی رۆڵی ویڵ سمیسی خستووەتەوە بەر چاوی بینەر و جەماوەران، ئەمەش وای کردووە، رەخنەگران ئاماژە بەوە بدەن، خەڵک و بینەران لەم ئەکتەرە خۆشبوون.

هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فیلمی Bad Boys: Ride or Die، لە هەفتەی یەکەمدا توانی رێژەیەکی سەرسوڕهێنەر تۆماربکات و هەمووان ستایشێکی گەورەیان کرد، تاوەکو ئێستا فیلمەکە توانیویەتی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە و سەرنجەکان لەسەر ویڵ سمیس زیاتر بوون.

بە گوتەی لویس چیڵتۆن رەخنەگر و شیکەرەوەی سینەمایی، "سەرکەوتنی فیلمی باد بۆیس، نیشانی دەدات بینەران و خەڵک لە ویڵ سمیس خۆشبوون، هۆڵیوودیش هەمان رێچکەی گرتووەتە بەر".

گوتەکەی چیڵتۆن دوای ئەوە دێت، لە ساڵانی رابردوودا و لەمیانی بەڕێوەچوونی رێورەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار، ویڵ سمیس نەیتوانی بەرگەی تەنزی کریس رۆک بگرێت و لەسەر سەکۆی ئاهەنگەکە کێشای بە رووخساریدا، ئەمەش وای کرد، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکان گرفتیان بۆ دروستببێت بەرامبەر بە کارەکانی ویڵ سمیس و هەوادارانی سینەمای زیزکرد و پاش ماوەیەک و بەشێوەیەکی ڤیدیۆیی، ویڵ سمیس داوای لێبوردنی خۆی پێشکەش بە کریس کرد.