پرۆژەی "هەموو پێنجشەممەیەک و فیلمێک" سینەمای رۆژئاوای کوردستان دەبووژێنێتەوە

کۆمینی فیلمی رۆژئاوا بە ئامانجی بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی سینەمای شۆڕشگێڕیی لەنێو کۆمەڵگەدا، پڕۆگرامی (هەموو پێنجشەممەیەک و فیلمێک)ی دەستپێکردووە.

کۆمینی فیلمی رۆژئاوا کە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دامەزراوە، دەستی بە بەرنامەی (هەموو پێنجشەممەیەک و فیلمێک) کرد.

سەرەتا، ئەو فیلم و بەڵگەفیلمانەی کە کۆمینەکە خۆی بەرهەمیهێناون پیشاندەدرێن، پاشان ئەو فیلمانەی کە بە کوردی و عەرەبی بەرهەمهێنراون، بە ژێرنووسەوە نمایشدەکرێن.

ئێستا فیلمەکان تەنیا لە ناوەندی کولتووریی و هونەری محەمەد شێخۆ لە شاری قامیشلۆ نمایشدەکرێن، هاوکات کۆمینی رۆژئاوا پلانی هەیە لە شارەکانی دیکەی باکور و رۆژئاوای سوریاش ئەم خزمەتە بێبەرامبەر پێشکەش بە هاوڵاتییان بکات.

هوشیار موراد ئەندامی کۆمینی فیلمی رۆژئاوا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار رایگەیاند، ئامانجیانە سینەمای شۆڕشگێڕیی و کۆمەڵایەتیی ئاوێتە بکەن و تەنیا بەرهەمەکانی کۆمینی فیلمی رۆژئاوا نمایش ناکەن، بەڵکو فیلمی شۆرشگێڕیی دیکەش لە بەرنامەی (هەموو پێنجشەممەیەک و فیلمێک) پیشاندەدرێن.

هۆشیار موراد ئاماژەی بەوەش کرد؛ هەموو مانگێک بەرنامەکەیان دەگۆڕن و چوار فیلم بۆ نمایشکردن ئامادە دەکەن.