فلامینکۆ.. سەدای رۆحی ئەندەلوس

فلامینکۆ، هونەرێکی کۆمەڵایەتییە، زیندووە و سوودێکی گەورە لە جووڵەی جەستە و دەنگە سرووشتییەکان وەردەگرێت، ئەم شێوازە موزیکییە، یەکێکە لە دیارترین موزیکەکانی وڵاتی ئیسپانیا و رەسەنە بە ناوچەی ئەندەلوس.
ئەمڕۆ، کاتێک وشەی فلامینکۆ بەکاردەهێنرێت، راستەوخۆ ئەو سەما و موزیکەمان بەبیردێتەوە، کە لەلایەن گیتارژەن و خانمێکی رازاوە و چەند دەنگێکی ناوازە پێشکەشدەکرێن.
لە ئاستی ئەکادیمیادا، شارەزایانی موزیک هاوڕان لەسەر ئەوەی، فلامینکۆ لە ناوچەی ئەوپەڕی باشووری ئەندەلوس سەریهەڵداوە، هاوکات، هاوڕان لەسەر دیاریکردنی کاتی بەکارهێنانی فراوانی ئەم شێوازە و ئاماژە بەوە دەدەن: لە سەدەی هەژدەیەمدا، ئەو گۆرانی و موزیکانەی لە ناوچەی ئەندەلوس پێشکەشدەکران لەلایەن دۆمە رۆمانییەکانەوە، پێیان گوتراوە فلامینکۆ.

سەدەی 15، ئەوکاتەی دۆمە رۆمانییەکان دەگەن بە باشووری نیمچەدورگەی ئیسپانیا، تێکەڵاوی خەڵکە عەرەب و جووەکان دەبەن، کولتوور و نەریت لەنێوان یەکترییدا هاوبەشیی پێدەکەن و لە ئاستی ئاشنایەتیی موزیک و شێوازەکاندا دەوڵەمەندیی دەخولقێنن، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی بەرەوپێشچوون و دەوڵەمەندبوونی فلامینکۆ بووە، بەم جۆرەش بە موزیکی فرەکولتووریی ناسراوە.

شێوازی فلامینکۆ، پشت بە گۆرانی و ریتم دەبەستێت، گێڕانەوەی چیرۆکی گەڕیدەکانە، بە گوتەی ئالفرێدۆ گریمالدۆس جونیەر، توێژەر و مێژووناس لە شێوازی فلامینکۆ، "ئەم موزیکە، پشت بە چیرۆک و ئەزموونی هونەرمەندەکانی دەبەستێت، فلامینکۆ سرووشت و ژینگە و بەرز و نزمییەکان لە کۆمەڵگەوە وەردەگرێت".
لە ئاستی مێژووییدا، فلامینکۆ بە دوو قۆناغی گرنگدا تێدەپەڕێت، قۆناغی گۆرانییە دۆمییەکانی ئەندەلوس، کە بەبێ هیچ ئامێرێکی موزیکیی ئەنجامدراوە و پشتی بەستووە بە گۆرانی تاکی گۆرانیبێژەکان و جیهانیان لە گۆشەنیگای خۆیانەوە وێناکردووەتەوە، لە قۆناغی دواتردا، فلامینکۆ دەبێت بە هونەرێکی هاوبەش لەنێوان کولتوورە جیاوازەکاندا و لەسەر سەکۆ گشتییەکان و لە میوانخانە و یانەکاندا گوتراوەتەوە بە هاودەمیکردنی ئامێری موزیکیی و چەپڵە.

موزیکی فلامینکۆ، خاوەنی سنوورێکی بەرفراوانە، دەتوانێت لە ئاستی چەندین ژانرا و شێوازی دیکەی موزیکی جیهانییدا جێی خۆی بکاتەوە، بە سەربەخۆ، لەگەڵ جاز، ئۆپێرا، پۆپ و موزیکی کلاسیکیی خۆی دەگونجێنێت، ئەم شێوازە لە ئاستی جیهانییدا دەیان جۆری جیاوازی هەیە و بە ریتم و شێوەی تایبەت دەناسرێنەوە، بەڵام بەشێوەیەکی گەشتی حەوت جۆری سەرەکیی بوونیان هەیە و لێرەدا ئاماژە بە سێ دیارترینیان دەدەین:
فلامینکۆ سێڤیلاناس
بە بۆچوونی شارەزا موزیکییەکان، بەبێ هیچ گومانێ، شێوازی سێڤیلاناس، بەناوبانگترین جۆری فلامینکۆیە لە جیهاندا، لە تێکڕای فێستیڤاڵە هونەرییەکانی ناوچەی ئەندەلوس ئەم شێوازە پەیڕەودەکرێت، بەدیاریکراوییش لە شاری ئیشبیلیە، کە نیشتمانی تایبەتی ئەم جۆرەیە.

فلامینکۆ بولێریاس
ئەوەی بولێریاس لە شێوەزەکانی دیکە جیادەکاتەوە، بەخشینی ئەو چێژ و خرۆشانەیە کە لە هیچ شێوازێکی دیکەی فلامینکۆدا نادۆزرێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی، بۆلێریاس موزیکی ئاهەنگەکانە و خاوەنی ریتمێکی خێرایە و لە کۆتایی ئاهەنگەکاندا پێشکەش دەکرێت.

فلامینکۆ سۆلیا
سۆلیاس خاوەنی تایبەتمەندیی ترپەی خاوە و لە 12 ترپە پێکهاتووە، باشترین شێوازە بۆ سەماکاری بایلۆرا کە بە تەنها پێشکەشی بکات، کە دەتوانێت لەڕێگەی ئەم شێوازەوە، تێکڕای هەستەکانی بە وردیی دەرببڕێت و جووڵەکانی بەکاربهێنێت بۆ گوزارشتکردن لە پەیامەکانی فلامینکۆ.

ئامێری گیتار، ئامێری سەرەکیی فلامینکۆیە، لە ئاستی بەناوبانگترین گیتارژەنەکانی جیهان بۆ شێوازی فلامینکۆ، بریتین لە پاکۆ دو لوسیا، ڤیسێنتی ئەمیگۆ، سابیکاس و کارلۆس مۆنتۆیا، لە ئاستی سەماکارەکانیشدا، لۆلا فلۆرێس، کارمین ئامایا خواکین کۆرتێز و ئێنریکی ئێل کۆخۆ لە دیارترینەکانن.
13/06/2024