ئاوی تانجەرۆ بۆ خواردنەوەی ئاژەڵیش تەندروست نییە

روباری تانجەرۆ، لە باشووری شاری سلێمانی، چەندین ساڵە بووەتە بابەتی گفتوگۆی هاونیشتمانیان، سیاسییەکان و پارێزەرانی ژینگە. تانجەرۆ، ناوچەیەکە کە خۆڵ و خاشاکی شارێکی لێفڕێدەدرێت، بەڵام بە شێوەیەکی نازانستی، ئەمەش کردوویەتیە ناوچەیەکی مەترسیدار بۆ ژینگەی ئەو ناوچەیە، چواردەوری و پارێزگای سلێمانییش بە شێوەیەکی گشتی.
رووبارەکە نزیکەی 120 کم درێژدەبێتەوە و تێکەڵ بە رووباری سیروان دەبێت و دەچێتە دەریاچەی دەربەندیخانەوە و سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی ناوچەکانی دەربەندیخان، کەلار و ناوچەکانی دیکەیە لە باشووری سلێمانی، بەڵام ئەم ئاوە بۆ خواردنەوە، ماسیگرتن، کشتوکاڵ، مەلەکردن و تەنانەت خواردنەوەی ئاژەڵانیش گونجاو نییە.
دەگوترێت لە هەر جێیەک ئاو پیس بوو، هەموو شتێکی دیکە دەمرێت، چونکە ژیانی زیندەوەرانی دیکە، بە مرۆڤ، ئاژەڵ و رووەکیشەوە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئاوی ناوچەکەوە هەیە.
رۆژێک لە رۆژان، ئاوێکی سازگار لە تانجەرۆوە تێدەپەڕی، سەوزایی دەبینرا، کاتێک منداڵانیش سەریان بەرزدەکردەوە، لە جێی ئەو گردانەی ئێستا بە خۆڵ و خاشاک دروستبوون، شینایی ئاسمانیان دەبینی. ئێستا ئەوەندە پاشماوە و خۆڵ و خاشاکی لێفڕێدراوە، ناناسرێتەوە. ئەنجامی ئەمەش چییە؟ مرۆڤی نەخۆش، ئاژەڵی نەخۆش، کشتوکاڵێکی مردوو و ژینگەیەکی ناتەندروست.
لە راپۆرتێکی پارێزەرانی ئاودا لە عێراق، بە چەند قۆناغێک مەترسییەکانی سەر رووبارەکە دیاریکران. رووپێویی رووبارەکە، وەک خۆیان دەڵێن، لە گوندی هەنارانی سەرووەوە دەستیپێکرد تاوەکو دەریاچەی دەربەندیخان. بە درێژایی رووپێوییەکەش، 240 مەترسیی جیاواز دەستنیشانکران، وەکو: "تێکەڵبوونی راستەوخۆی زێراب و ئاوەڕۆی زیاتر لە 2 ملیۆن کەس بۆ ناو رووبارەکە بە بێ هیچ چارەسەرێک، تێکەڵبوونی زبڵ و پاشماوە پیشەزاییەکان، غەسالەکانی چەو و لم، پاڵاوگە نەوتییەکان و کارگە پیشەسازییەکانی ناوچەکە. هاوکات گەورەترین کاریگەری، گۆڕانی کەشوهەوایە، کە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، رووبارەکەی لە روبارێکی هەمیشەییەوە کردووەتە رووبارێکی وەرزی."
بە درێژایی تێپەڕینی رووبارەکە، چەند ناوچەیەک، بێ ئەوەی هیچ بژاردەیەکیان هەبێت، کشتوکاڵی لەسەر دەکەن. لە توێژینەوەیەکی پسپۆڕانی زانکۆی سلێمانییشدا، ئەوە سەلمێنراوە کە ئاوی رووبارەکە، بۆ کشتوکاڵ گونجاو نییە، بەتایبەت بۆ رووەکە گەڵاپانەکان. ئەو هاونیشتمانیانەش کە لەسەر رێرەوی تێپەڕینی ئاوەکەن، بەڵام کشتوکاڵ ناکەن، ناتوانن خۆیان لە کاریگەرییەکانی ئاوی رووبارەکە بپارێزن، چونکە ئاوی بەکارهێنانی رۆژانەیان، ئاوی خواردنەوەیان و تەنانەت زنجیرەی ئەو خواردنانەش کە رۆژانە دەیخۆن، لە ژێر کاریگەریی پیسیی ئاوەکەدان.
ئاوێک ئەگەر جیوە و قوڕقوشمی تێدابێت، تا چەند بۆ خواردنەوە گونجاوە؟ پیسیی ژینگە و ئاوی ناوچەکە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، وەکو بریندارکردن و هەوکردنی چاو، لوت و پێست کە دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشیی جیاواز، کە ئەمانە بە هۆی بەرکەوتنی راستەوخۆوە توشدەبن، بەڵام بەرکەوتنی درێژخایەن، دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشیی توندتر، بەتایبەتیش ژەهراویبوونی جگەر، کە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی جگەر و مردنی نەخۆشەکە.
هەرچەندە کاریگەرییەکانی پیسبوونی ئاو و هەوای ناوچەیەک، دەکرێت کاریگەریی تەندروستییان لەسەر تاک و کۆمەڵیش هەبێت، بەڵام کاتێک باسی چارەسەرکردنی گرفتەکان و خۆپاراستن دەکەین، لەسەر ئاستی تاک ناتوانرێت گۆڕانکاری گەورە بکرێت و دەبێت لەسەر ئاستی پارێزگا و حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی ژینگەی ناوچەکە بدرێت.
هەفتەی رابردوو، جێگری سەرۆکی حکومەت بەڵینیدا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدەن و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام گوتی: "تانجەرۆ کێشەیەکی ژینگەیی گەورەیە و لێکەوتەکانی لەسەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراقیش هەن. دۆزینەوەی چارەسەری بۆی دەکەینە پێشینەی کارەکانمان." پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا تانجەرۆ لە ناو بۆنی خۆڵ و خاشاکەکەیدا بە تەواوی دڵی لە لێدان دەکەوێت، یان ئەم بڕیارە دەبێتە ئەو هەناسە دەستکردەی ژیانی بۆ دەگێڕێتەوە و دڵی دەخاتەوە لێدان؟
ساڵی 2022، لە کۆنفرانسی زانستیی زەوی و ژینگەدا، بەرەنجامی توێژینەوەیەکی زانستیی لەسەر ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان خرایەڕوو کە ئاوی تانجەرۆی تێدەڕژێت، ئامانجی توێژینەوەکە هەڵسەنگاندنی زانستی بوو بۆ جۆرێتیی ئاوی دەربەندیخان و نموونەی ئاوەکە لە 20 خاڵی جیاواز وەرگیران. ئەنجامەکان ئەوەیان سەلماند کە ئاوی دەریاچەکە تەنها بۆ هۆکاری پیشەسازی گونجاوە و بە بێ پاککردنەوەی زانستی، بۆ خواردنەوەی مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکە تەندروست نییە.
15/06/2024