فازڵ نەبی: تاوەکو ئێستا چارەسەری ریشەیی بەبانکیکردن نەکراوە

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا چارەسەرى ریشەیى بۆ کێشەى بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نەکراوە، گوتیشى "لە عێراق لایەنى سیاسى بەسەر لایەنى زانستیدا زاڵە و زۆرجار بەفشارى سیاسى کێشەکان چارەسەر دەبن".
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە میانی بەشداریکردن لە بەرنامەی "تارگێت"ی کەناڵ8 گوتى، تاوەکو ئەم ساتە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەرێکی ریشەیی نەکراوە، عێراق رازی نییە بەو ناوانەی بۆی نێردراوە، هەروەها تاوەکو ئیستا چارەسەری دۆسیەی داهاتی نانەوتیش نەکراوە و بۆچوونی جیاواز هەیە لەنێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد لەمبارەوە.
لەبارەى ئەوەى بەغداد دەڵێت، بەشێک لەناوى مووچەخۆرانى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان عێراقى نین، فازڵ نەبى ئاماژەى بەوەکرد، "لەوانەیە شتێکى لەو جۆرە هەبێت، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت لە عێراقیش ئەو بابەتە هەیە، زۆرێک لە بەرپرسانى عێراق خۆیان دەڵێن کە خەڵکێکى زۆرى ئێرانى لە عێراق مووچە وەردەگرن".
باسى لەوەشکرد، ئەوانەى لە هەرێمى کوردستانن کوردى سووریا و پارچەکانى دیکەن و وەکو پێشمەرگە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن، عێراق مافى خۆیەتى ناڕەزایەتى هەبێت لەسەر ئەو ناوانە، بەڵام دەبێت هەمان بابەت بۆ خۆشى قبوڵبکات، بۆیە راستە ئەو کێشەیە هەیە و تەواوى زانیارییەکانیان لە بەغداد هەیە بەتایبەتى هێزى رۆژ، بۆیە بەغدادیش پێداگریى لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت بەتەواوەتى وردەکاریى لەو ناوانە بکرێت بۆ ئەوەى دڵنیابن کە ئەوانە عێراقین و بۆ ئەوەى مووچەکانیان خەرجبکرێت.
لەبارەى ئەوەى ئایا ئەو بابەتە گرفت بۆ مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دروست ناکات رایگەیاند، "ئەوە یەکێکە لە کێشە گەورەکان کە لەنێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد هەیە، ئەگەر عێراق بیەوێت دەتوانێت مووچەى ئەو هێزانە بنێرێت کە کێشەیان نییە و ئەوانى دیکەش گلبداتەوە تاوەکو کێشەکە چارەسەر دەکرێت ئەوەش ئەگەر بیانەوێت بەدواى چارەسەردا بگەڕێن، بەبۆچوونى من ئینشائەڵا کێشە دروست نابێت، بەڵام لە عێراقدا هیچ شتێک گرەنتى نییە کە کێشە دروست نەبێت، تەنانەت بۆ فەرمانبەرانى ئاساییش ئەگەرى هەیە هەر ساتێک کێشەمان لە تەوتین و بابەتەکانى دیکەش بۆ دروست بکەن".
فازڵ نەبى لەبارەى ئەوەى ئایا مووچەى مانگى پێنجى هێزە ئەمنییەکان وەکو مانگى چوار رێککەوتنى لەسەر کراوە گوتى، لە عێراق لایەنى سیاسى زاڵە بەسەر لایەنى زانستى، بۆیە پێیوایە زۆرجار کێشەکان بە فشارى سیاسى چارەسەر دەبن، وەکو مانگى چوار کە بەفشارى سیاسى و لەبەر بابەتى جەژن بوو پارەیان نارد، ئەگەر هەرکات بارودۆخى سیاسى لەنێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد باشبێت سەرکردایەتیى سیاسیى هەرێمى کوردستان دەتوانن کاریگەریى لەسەر سەرکردایەتیى سیایى عێراق دروستبکەن بۆ ئەوەى مووچە بنێرن، بەڵام ئەوانە هەموو چارەسەرى کاتین، تاوەکو ئەم کاتە هیچ چارەسەرێکى بنەڕەتى نەوەکو بۆ هێزە ئەمنییەکان بەڵکو بۆ فەرمانبەرانیش نەکراوە، هیوادارن چارەسەرى ریشەیى بکرێت تاوەکو کێشە دروستنەبێت و مووچە بنێردرێت.
15/06/2024