بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ژانەسەری پەیوەست بە شەقیقە زیاتر دەکات

پەیوەندییەک لەنێوان شەقیقە و گۆڕانی پلەی گەرمیدا هەیە
پەیوەندییەک لەنێوان شەقیقە و گۆڕانی پلەی گەرمیدا هەیە

زانایان پەیوەنییەکی بەهێزیان لەنێوان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و ژانەسەردا دۆزیوەتەوە. بەگوێرەی بۆچوونی پسپۆڕانی بواری شەقیقە و ژانەسەر، گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی خراپتربوونی بارودۆخی شەقیقە. لەگەڵ زیادبوونی پلەی گەرمیدا، ئەگەر تووشبوون بە ژانەسەری شەقیقە زیاتر دەبێت.

لە ماوەکانی رابردوودا، کۆمەڵێک زانا لە ناوەندێکی توێژینەوەی ئەمریکا هەستان بە تاقیکردنەوەی دەرمانی فریمانیزووماب وەکو چارەسەرێک بۆ ژانەسەری پەیوەست شەقیقە. لە توێژینەوەکەدا زیاتر لە 660 تووشبووی شەقیقە خرانە ژێر تاقیکردنەوەوە. هاوتەریب لەگەڵ وەرگرتنی داتا سەبارەت بە کاریگەریی دەرمانەکە لەسەر چارەخوازەکان، زانایان لێکۆڵینەوەیان لە پەیوەندیی نێوان گۆڕانی پلەی گەرمی و ئەگەری تووشبوون بە ژانەسەری شەقیقە کرد، واتا مەبەستیان بوو لەوە بگەن کە ئایا ئەم دەرمانە ئەگەری تووشبوون بە ژانەسەری شەقیقە لە کاتی هەڵکشانی پلەی گەرمیدا نزمدەکاتەوە یاخود نا؟ بەگوێرەی ئەنجامەکان، دەرکەوت لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەکی پلەی گەرمیدا بە رادەی 0.12 پلەی سیلیزی، ئەگەری تووشبوون بە شەقیقە بە رێژەی لە 6% زیاتر دەبێت.

لەگەڵ بەکارهێنانی بەردەوامی دەرمانەکەدا لەلایەن گیرۆدەبووانی شەقیقەوە، دەرکەوت بەکارهێنانی ئەم دەرمانە وا لە تووشبووان دەکات کە لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیدا کەمتر بەدەست ژانەسەری شەقیقەوە بناڵێنن. توێژەران دەڵێن دەشێت ئەم دەرمانە کار بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە ژانەسەر لە ئەنجامی شەقیقە بکات.

لە راستیدا هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا، بەدیاریکراوی ساڵانی 500ـی پێش زایین، هیپۆکرات کە بە باوکی پزیشکیی هاوچەرخ ناوزەدکراوە، باوەڕی وابووە پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان دەرمان و کەشوهەوادا هەیە. پاش هەزاران ساڵ لەم بۆچوونە، وا ئێستا زانایان بە رێگەیەکی زانستییانە و خستنەڕووی چەندین بەڵگە، ئەم پەیوەندییەیان سەلماندووە.