ئینگلتەرا بە پێکهاتەیەکی تۆکمەوە رووبەڕووی سربیا دەبێتەوە

یارییەکانی پاڵەوانییەتی یۆرۆ بەردەوامی هەیە و لە کۆمەڵەی سێیەمدا، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەپێکهاتەیەکی ئاگرینەوە رووبەڕووی هەڵبژاردەی سربیا دەبێتەوە.

ئینگلیزەکان دەیانەوێت یادەوەری شکستی یاریی کۆتایی یۆرۆی رابردوو بەرامبەر ئیتاڵیا لەیادبکەن، کاتێک لە خاکی خۆیاندا ناسناوەکەیان لەدەستدا، چونکە هەڵبژاردەی سێ شێرەکە خاوەنی یەکێکە لەبەهێزترین پێکهاتەکانی پاڵەوانییەتیەکە و بەپاڵێوراوێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵ.

گاریس ساوسگەیتی راهێنەری ئینگلتەرا، بۆ کێبڕکێیەکانی یۆرۆ باشترین یاریزانەکانی بانگهێشتکردووە، بەڵام کۆمەڵێک لەئەستێرە دیارەکانیش بوونە قوربانی دوورخستنەوە، سەرەڕای ئەوەش ساوسگەیت پێکهاتەیەکی بەهێزی لە یاریزانە لاو و ئەزموندارەکان دروستکردووە و دەیەوێت بەبردنەوەی ناسناوەکە دەمی رەخنەگران دابخات.

راهێنەرەکەی ئینگلتەرا هەریەکە لە جاک گریلیش و هاری ماگوایەری لەلیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکە دوورخستەوە، لە دوو یاریی دۆستانەی ئامادەکارییش بۆ پاڵەوانییەتی یۆرۆ، ئینگلیزەکان لە بۆسنەیان بردەوە، بەڵام ئایسلەندا دووچاری شکستیکردن.

هەڵبژاردەی سێ شێرەکان بەئامادەبوونی تەواوی ئەستێرەکانی دوایین یەکەم مەشق و راهێنانی بۆ رووبەڕووبونەوەی سربیا ئەنجامدا، کە تەنیا لۆک شاوی بەرگریکاری مان یونایتد بەشداری نەکردووە و هێشتا بەدەست پێکانەکەی ئەژنۆیەوە دەناڵێنێت و بەتەواوی چاک نەبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سربیا دووجار لەمێژوویدا پلەی دووەمی پاڵەوانییەتیە ئەوروپییەکانی لە ساڵانی 1960 و 1968 بەدەستهێناوە، کە لەسەردەمی یۆگۆسلاڤیادا بوو، هەڵۆکان لەقۆناغی پاڵاوتنەکاندا لەهەشت یارییدا تەنیا چوار بردنەوەیان بەدەستهێنا و لەدوای هەنگاریای پێشەنگەوە گەیشتنە پاڵەوانییەتیەکە.

سربیا لەپێکهاتەیەکەدا کۆمەڵێک لەدیارترین ئەستێرەکانی لەخۆگرتووە، کە ئەوانیش دوشان ڤلاهۆڤیچ، دوشان تادیچ، سێرجی میلینکۆڤیچ ساڤیچ و ئەلیکساندەر میترۆڤیچە، لەبەرئەوە نێچیرێکی ئاسان نابێت بۆ ئینگلتەرا.