هاونیشتمانییەک لە بانە بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیلەدەستدا

هاونیشتمانییەک لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مینی پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراق گیانیلەدەستدا. هەر ئەمساڵ بەهۆی تەقینەوەی مین لە رۆژهەڵاتی کوردستان 16 کەس بوونەتە قوربانی.

میدیای رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردەوە، هاونیشتمانییەک بە ناوی هادی غونچەدۆست تەمەن 35 ساڵ و خەڵکی گوندی زەڵێی بانە، بەهۆی دەستکاریکردنی مین و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی جەنگی ئێران و عێراق، مینێکی پیادا تەقیوەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاونیشتمانییە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە گیانیلەدەستداوە.

ئەمساڵ بەلانیکەمەوە سێ هاونیشتمانیی دیکە لە سنووری پارێزگای کرماشان و بانە بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنیی پاشماوەی جەنگەوە گیانیانلدەستداوە و 12 هاونیشتمانیی دیکەش لە سنووری پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام دا برینداربوون.