ئێران دراوێکی نوێی خستە بازاڕەکانەوە

ئێران دراوێکی نوێی بەناوی ریاڵ دیجیتاڵ خستە بازاڕەکانەوە و لە دوورگەی کیش بەشێوەی سەرەتایی کارکردن بەدراوەکە دەستیپێکردووە و لە رێگەی بانکەکانی بازرگانی و میللەتەوە بۆ مامەڵە بچووکەکان بەکاردەهێنرێت و هەموو تایبەتمەندییەکانی دراوی کاغەزی هەیە. 

مێهران مەحرەمیان، جێگری تەکنەلۆژیای بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، ریاڵ دیجیتاڵ بە شێوەی سەرەتایی لە دوورگەی کیش کاری پێدەکرێت و لە مامەڵە و کڕین و فرۆشتنەکاندا لە بریی دراوی کاغەزی بەکاردەهێنرێت.

مەحرەمیان راشیگەیاند، نزیکەی 93.5% دانیشتوانی سەرو 18 ساڵی ئێرانی خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنیی بانکییان هەیە و هەر هاوڵاتییەکی ئێران لە ساڵێکدا بەلانیکەمەوە 14 هەزار مامەڵەی ئەلیکترۆنیی بانکی ئەنجامدەدات. ئەوەش بواری بۆ کارکردن بە ریاڵی دیجیتاڵ دروستکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڵاتییان لە دەستکەوتنی پارەی وردە بۆ مامەڵە بچووکەکان کێشەیان هەبوو، بۆیە بڕیاردرا دەست بە چاپی ئەلیکترۆنی ریاڵ بکرێت و بۆ ئەوەش ریاڵی دیجیتاڵی دروستکرا.

لە قۆناغی سەرەتایدا ریاڵی دیجیتاڵ بۆ مامەڵە بچووکەکانی وەک کرێی تەکسی بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە داهاتوودا، مامەڵەکردن بە ریاڵی دیجیتاڵی تەنیا سنووردار نابێت بە مامەڵە بچووکەکانەوە.

باسی ئەوەشیکرد، ریاڵی دیجیتاڵ هەموو تایبەتمەندییەکانی دراوی کاغەزیی هەیە، لە رێگەی ئەژماری بانکی و لە رێگەی بانکەکان بۆ مامەڵەکان بەکاردەهێنرێت. بۆ بەکارهێنانی دراوەکە تەنیا پێویستی بە کۆدی بەکارهێنەرەکانە، بە داخڵکردنی کۆدەکان، بە ئاسانی پارە بۆ مامەڵەکان دەگوێزرێتەوە و مامەڵەکانیش خێراتر و ئاسانتر دەکات.

هاوکات هادی ئەخلاقی بەڕێوەبەری گشتیی بانکی بازرگانیی ئێران رایگەیاند، بانکی بازرگانی 800 فەرمانبەر بۆ جێبەجێکردنی  پرۆژەی بەکارهێنانی ریاڵی دیجیتاڵ تەرخانکراوە.

بۆ ئەوەش لەگەڵ کاسبکاران و دوکانداران و خاوەن تەکسییەکانی دوورگەی کیش قسە کراوە تاوەکو خەڵک وەک قۆناغی سەرەتایی ریاڵی دیجیتاڵ بۆ کڕین و فرۆشتن و کرێی تەکسی بەکاربهێنن.

باسی ئەوەشیکرد، ئەگەر بانکی ناوەندی بڕیار بدات، پرۆژەی ریاڵی دیجیتاڵ تەنیا سنووردار ناکەن بە دوورگەی کیشەوە و دەیانەوێت وەک پرۆژەیەکی بەربڵاو بۆ مامەڵەی کاسبکاران و دوکاندارانی ناوچەکانی دیکەش بەکاری بهێنین.

هەروەها بانکی میللەتی ئێرانیش خزمەتگوزاریی بۆ بەکارهێنانی ریاڵی دیجیتاڵ خستووەتەکار.

رۆژی 24ی حوزەیران بە ئامادەبوونی محەمەد رەزا فەرزین سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران پەردە لەسەر پرۆژەی ریاڵی دیجیتاڵ لە دوورگەی کیش لادرا و ئێستا دراوەکە لە رێگەی بانکەکانی میللەت و بازرگانییەوە لەو دوورگەیەدا کاری پێدەکرێت.

پرۆژەی ریاڵی دیجیتاڵ لە ساڵی 2021ەوە لەلایەن ئەنجوومەنی دراوی ئێرانەوە مۆڵەتی پێدراوە. لە ساڵی 2022 دا بۆ تاقیکردنەوە لە  بەشێک لە مامەڵەکان بەکارهێنرا. لە ساڵی 2023دا رێگادرا لە رێگەی بانکەکانی میللەت و بازرگانییەوە، بەشێک لە مامەڵە دیاریکراوەکان بە ریاڵی دیجیتاڵ بەڕێوەبچن و بوار بۆ بەکارهێنانی ریاڵی دیجیتاڵ بۆ مامەڵە گشتییەکان دروست بکەن.