لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی توماج ساڵحی دەکات

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی توماج ساڵحی، راپەری ئێرانی دەکات کە لە چەند رۆژی رابردوودا سزای لەسێدارەدانەکەی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لە راگەیەندراوێکدا داوایکردووە توماج ساڵحی، راپەڕی ئێرانی لە زیندان ئازاد بکرێت.
راشیگەیاندووە، پێویستە بەرپرسانی ئێران لەجیاتی درێژکردنەوەی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی توماجدا، خێرا و بەبێ مەرج لە زیندان ئازادی بکەن.
لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەشکردووە، نابێت ئەو هونەرمەندە بەهۆی بەکارهێنانی ئاشتییانە و ناتوندوتیژانەی مافەکانی خۆی دەستگیر و زیندانی بکرێت، چ بگات بەوەی پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤی بەرامبەر بکرێت.
هەروەها دوێنێ ئابرام پالێی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، داوای ئازادکردنی توماج ساڵحی و نێرگز محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و هەموو زیندانیانی سیاسیی ئێرانی کردبوو.
توماج ساڵحی لە ساڵی 2021ـەوە تاوەکو ساڵی 2023 سێ جار دەستگیرکراوە و 252 رۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا راگیراوە، بەهۆی بەشداریی لە خۆپیشاندانەکان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتەکانی "هاوکاریکردنی وڵاتانی دوژمن، سوکایەتی بە رابەری ئێران، تێکدانی ئارامیی گشتی، هاندانی خەڵک بۆ ئاشووب"، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.
لە دوای تانەدان لەو سزایە، دادگای باڵای ئێران لە 21ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا، سزای لەسێدارەدانەکەی توماجی هەڵوەشاندنەوە.
27/06/2024