وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور

گۆشتفرۆشێک لەشارى سلێمانى. 
فۆتۆ: حەمە سوور
گۆشتفرۆشێک لەشارى سلێمانى. فۆتۆ: حەمە سوور

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا لە رێگەی هاوردەکردنی زیاتر و دانانی نرخی دیاریکراوە بۆ قەسابەکان.

وەلید محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە بەشی بەرهەمهێنانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە رێگەیەی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەوە ئاماژە بە کڕینی بارێکی نوێی ئاژەڵ لە جۆری گوێرەکە دەکات لە بەرازیلەوە کە بڕەکەی 18 هەزار سەر ئاژەڵە و دەڵێت، بە گەیشتنی نرخی گۆشتی سوور دادەبەزێت، پێشبینی دەکەن بەردەوامی زیادکردنی بارەکان نرخەکان دادەبەزێنێت.

زیاتر لە ساڵێکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان نرخی گۆشتی سوور بەرزە و بەردەوام رێکاری نوێ دەگیرێتەبەر بۆ دابەزاندنی نرخەکانی، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان تاوەکو ئێستا تەنیا بڕێکی زۆر کەمیان لە نرخەکەی هێناوەتە خوارەوە.