مۆرای بەیەکجاریی ماڵئاوایی لە یاریگەکانی ویمبڵدۆن کرد

ئاندی مۆرای بەریتانی بەیەکجاریی ماڵئاوایی لە یاریگەکانی ویمبڵدۆن کرد، دوای ئەوەی ئیما رادوکانۆی خانمە یاریزانی بەریتانی هاوبەشی لە ئاستی دووانی بڕیاریدا لەقۆناغی یەکەمدا پاشەکشە لە پاڵەوانییەتیەکە بکات.

ئیما راودکانۆ پێش چەند کاتژمێرێک لەیەکەم یارییان لە پاڵەوانییەتیەکە بەهۆی پێکانێکی مەچەکی راستی بڕیاریدا بەشداریی یارییەکە نەکات و دواتریش رایگەیاند، کە هەست بە بێهیواییەکی زۆر دەکات، چونکە خەونی ئەوەبوو لەگەڵ ئاندی یاریی بکات.

مۆرای 37 ساڵیش، کە دوو جار ناسناوی تاکە کەسی پاڵەوانییەتی ویمبڵدۆنی بردووەتەوە دوپاتیکردەوە، کە لەدوای ئۆڵۆمپیادی پاریس بەیەکجاری وازهێنان لە یاریی تێنسی سەر زەوی رادەگەیەنێت.

مۆرای لە 2013 ناسناوی ویمبڵدۆنی بەدەستهێنا، بەوەش بووە یەکەم بەریتانی لەدوای 77 ساڵ یەکەم ناسناوی پاڵەوانییەتیەکە بەدەستبهێنێت و لە 2016ش دووەم جار ناسناوەکەی بەدەستهێنا.