پسپۆڕێک: تووشبووانی نەخۆشیی پاقلە دەکرێت تەنیا بە بۆنی پاقلە تووشی کەمخوێنیی لەناکاو ببن!

د. پشدەر عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان
نەخۆشیی پاقلە بریتییەلە نەبوونی ئەنزیمێک لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا کە دەیانپارێزێت لە شیبوونەوە لە کاتی خواردنی هەندێ جۆری خواردن و دەرمان، یان لەکاتی هەوکردن بە ڤایرۆس یان بەکتریادا. ئەم نەخۆشییە لە باوانەوە و لەڕێگەی کرۆمۆسۆمی ئێکسەوە بۆ منداڵەکە دەگوازرێتەوە، لەبەرئەوەی منداڵی کوڕ یەک کرۆمۆسۆمی ئێکسی هەیە، نەخۆشییەکە لە کوڕاندا زۆرترە.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە زۆرجار بەم شێوەیە دەردەکەون:
- لە تازەلەدایکبوودا زەردویی و کەمخوێنی
- منداڵان و پێگەیشتووانی تووشبووی نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی کتوپڕ تووشی زەردوویی و کەمخوێنی دەبن، رەنگی پێستیان کاڵدەبێت و رەنگی میزەکەیان تۆخ وەکو رەنگی چای لێدێت، ئەم حاڵەتە لەکاتێکدا روودەدات کەسەکە هەوکردنی هەبێت یان یەکێک لەو خواردن یان دەرمانانەی بەکارهێنابێت کە لە خوارەوە باسیاندەکەین.
نیشانەکان بە گوێرەی بڕ و جۆری خواردن و دەرمانەکە، یان رێژەی نەبوونی ئەنزیمەکە لە منداڵەکەدا دەگۆڕێت.
ئەو کەسانەی نەخۆشیی پاقلەیان هەیە، لە کاتی خواردنی ئەم خواردن و دەرمانانەدا تووشی شیبوونەوەی خڕۆکە سوورەکان دەبن:
- هەندێک جۆر دەرمان وەکو هەندێک دژەبەکتریا، دەرمانی چارەسەری مەلاریا، ئەسپرین، پاراسیتامۆڵ
- هەندێک ماددەی کیمیایی وەکو بەنزین و نافتالین
- هەوکردنی بەکتریا یان ڤایرۆسی
- خواردنی پاقلە، ئەگەری هەیە تەنیا بە بۆنی باقلەش تووشی نەخۆشییەکە بن
هەندێک خواردن و خواردنەوە و دەرمانی دیکە هەن کە ئەگەریان هەیە خوێن شی بکەنەوە، بەڵام وەکو پاقلە هوکاری سەرەکی نین، ئەوانیش وەکو: نیسک، نۆک، فاسۆلیا، گەنمەشامی، کەچەپ، خواردنە لەقوتوونراوەکان، شەربەتی دەستکرد، ئاوی بیر، خەنە، ئیندۆمی، هەندێک بەهارات، هەویری ددان، دۆشاوی تەماتە و چا.
نەخۆشییەکە چاکبوونەوەی یەکجاریی نییە، بەڵام لەگەڵ گەورەبووندا نیشانەکانی کەمتر دەردەکەون، ئەمەش لەوانەیە بەهۆی گەورەبوونی قەبارەی خڕۆکە سوورەکانەوە بێت لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا.
پێویستە ئەو دایک و باوکانەی منداڵەکەیان نەخۆشیی پاقلەی هەیە منداڵەکانیان بپارێزن لە خواردنی ئەو خۆراک و دەرمانانەی کە باسکران، هەروەها لەکاتی سەردانی نەخۆشخانە بە پزیشکەکە بڵێن کە ئەو نەخۆشیەی هەیە، بەردەوام ئاگاداری رەنگی پێست و رەنگی میزی منداڵەکە بن .
دەبێت دایکوباوکان هەرکاتێک هەستیانکرد منداڵەکە رەنگی زەردە، میزەکەی رەنگی وەکو چای لێهاتووە یان بێهێزە، دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان بکە بۆ پشکنین، چونکە ئەگەر خوێنی منداڵەکە زۆر کەمی کردبوو دەبێت بە زووترین کات خوێن وەربگرێت.
ئەگەر دایک و باوک خۆیان یان خزمێکی نزیکیان نەخۆشییەکەیان هەبوو، دەتوانن پشکنینی خوێن بۆ منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی پێشوەخت بزانن ئەو ئەخۆشییەیان هەیە یان نا، ئەمەش بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بپارێزن لەو خواردن و دەرمانانە. ئەو خێزانانەی یەکێک لە ئەندامەکانیان نەخۆشییەکەی هەیە نابێت لە ئامادەکردنی یاپراخدا پاقلە بەکاربهێنن.
15/07/2024