وادەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی حەوت بۆ بەغداد دیاریکرا

حکومەتى هەرێمى کوردستان چاوەڕێى رەوانەکردنى مووچەى مانگى پێنج و شەشى هێزە ئەمنییەکانى کوردستانە و پاش گەیشتنى، لیستى مووچەى مانگى تەمووز رەوانەى بەغدا دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ کەناڵ8 گوتى، "سەرەتا پێویستە مووچەى مانگى پێنج و شەشى هێزە ئەمنییەکان رەوانە بکرێت کە بۆ هەردوو مانگەکە 690 ملیار دینارە، هەروەها مووچەى مانگى حوزەیرانى وەزارەتى کارەبا و سەرۆکایەتى پەرلەمانیش نەنێردراوە، کە چاوەرێین ئەم هەفتەیە تەمویلى ئەو مووچانە بکرێت و دابەش بکرێت".
گوتیشى" وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى تەمووزى ئامادە کردووە و هیچ گرفتێکى نییە، رەنگە لە نێوان 18 بۆ 22ـی ئەم مانگە رەوانەى بەغداد بکرێت".
هاوکات، ئەوەشى خستەڕوو، دیوانى چاودێرى دارایى عێراق و هەرێمى کوردستان وردبینى بۆ راپۆرتى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان دەکەن لەبارەى خەرجى و داهاتى نانەوتى و ئەو پارەیەى بۆ مووچە رەوانە کراوە لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ، دواتر بەنوسراو رەوانەى وەزارەتى دارایى عێراق دەکرێت.
هەروەها، سەرچاوەیەک لەوەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى گوت، "هەرکات تەمویلى مووچەى هێزە ئەمنییەکان کراو خرایەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایى، لەماوەى یەک یان دوو رۆژدا سەرجەم مووچەکان دابەش دەکرێت".
15/07/2024